سەرچاوەیەكی پۆلیسی ناوخۆی شارۆكەی خورماتووی
سەر بە حكوومەتی ناوەند بەهۆكاری ئەوەی كوردە و نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە
"وشە"ی راگەیاند ، پرسی ناردنی لیوای سەرۆكایەتی كۆمار كۆتای پێهاتووە و
ئەو هێزە رەوانەی شارۆكەی خورماتوو ناكرێت.
ئەو دووپاتیشی كردەوە، یەكە كارگێڕییەكانی
حكوومەتی هەرێم لە شارۆكەی خورماتوو ئاگادار كراونەتەوە.
هاوکات ئەركان حەسەن ، سەرۆكی شارەوانی
خورماتوو بە "وشە"ی راگەیاند ، بڕیار بوو دوێنێ دووشەم لیوایەكی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، بۆ پاراستنی
شارۆكەی خورماتوو و رێگریکردن لە تاڵان و سووتاندنی ماڵە كوردەكان بگەنە خورماتوو،
بەڵام ئەمڕۆ پاش رۆژێك لەچاوەڕوانی بەرپرسانی تەناهی و پۆلیسی شارۆكەی خورماتوو،
لە لایەن پارێزگای سەلاحەدین ئاگادار کراونەتەوە كە هاتنی ئەو هێزە شكستی هێناوە.
ئەو گوتیشی، نیازی ئۆغلۆ پەرلەمانتارێكی
توركمان لەپەرلەمانی عێراق لەژێر فشاری توركمانە شیعەكان و چەكدارانی عەسائبی ئەهلی
حەق شكستی بەو هەوڵە هێناوە.
زوهێر محەمەد نوێنەری خۆبەخشانی شارۆكەی
خورماتوو بە "وشە"ی راگەیاند، هەمان زانیاری بە ئێمە دراوە و بووەتە
مایەی نیگەرانی ئێمەش.
ئەو گوتیشی، پاش كۆبوونەوەمان لەگەڵ خۆبەخشان
رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر.
گەرمیان / سەبری هۆرینی