"لە سۆران ئۆتۆمبێلی تایبەت كاری تەكسی دەكات"

:: PM:09:32:14/11/2017 ‌

لە ناو بازاڕی شارۆكەی سۆرانی سەر بە پارێزگەی هەولێر، هاووڵاتییان رۆژانە بە ئۆتۆمبێلی تایبەت هاوشانی تەكسییەكان كاری گواستنەوەی هاووڵاتییان دەكەن، ئەمەش بووەتە جێگەی نیگەرانی خاوەن تەكسییەكان. بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی سۆرانیش دەڵێت كە رەچاوی ژیان و گوزەرانی ئەو هاووڵاتییانە دەكەین كە كاری تەكسی دەكەن، ئەگەرنا سەرپێچییە لە یاسا و رێنوێنییەكانی گواستنەوە.

مەهدی رەشاد گەنجێكی خێزانداری دانیشتووی چەمی رێزانە لە  سۆران بە "وشە"ی گوت، بە هۆی خراپی باری داراییمان نەم توانیوە ئۆتۆمبیلەكەم كە جۆری ئۆپل فیكترا مۆدیل 1993یە، بیگۆڕم بۆ ئۆتۆمبێلێكی مۆدێل تازە، بەڵام ئەوەی گرنگە رۆژانە بڕە پارەیەك بە ئیشی تەكسی پەیدا بكەم كە بەشی بژێوی ماڵ و منداڵم دەكات.

زیاتر گوتی، تا ئێستە كەس رێگری لە كاركردنی تەكسیم نەكردوە و لە سبەینێ تا ئێوارە بەردەوامم، ئەو دەڵێ ئێستە كە وەرزی خوێندنە كاری تەكسی باشترە لە وەرزی هاوین و دابڕانی خوێندن.

سیروان ئەحمەد هاووڵاتییەكی خاوەن تەكسییە و رۆژانە كاری گواستنەوە دەكات بە "وشە"ی راگەیاند، ماوەی شەش ساڵە كاری تەكسی لە سۆران دەكەم لەسەر بڕیار و رێنوێنی  نووسینگەی گواستنەوە و گەیاندنی سۆران تەكسییەكی مۆدێل 2011م بە زیاتر لە یەك دەفتەر دۆلار كڕیوە، لە هەمان كات هاووڵاتی هەیە ئۆتۆمبێلی تایبەتی مۆدیل 1990ی بە نرخی 35 وەرەقە هەیە و لەگەڵ من رۆژانە كاری تەكسی دەكات و بەڵكو زیاتر لە من كار دەكات.

بە گوتەی ئەو خاوەن تەكسییە، ئیشكردنی تاكسی لە سۆران بە شێوەیەكی جوان و یاسایی رێك نەخراوە، لە سۆران هەموو كەسێك دەتوانێت بە هەر جۆرە ئۆتۆمبیلێكی تایبەت كاری تەكسی و گواستنەوە ئەنجام بدات.

شەوبۆ محەمەد كچە قوتابییەكی زانكۆی سۆرانە بە "وشە"ی گوت، سەرەتا كە بۆ خوێندن هاتمە سۆران بۆ ماوەیەكی زۆر چاوەڕوانی تاكسیم دەكرد، دواتر شارەزا بووم كە ئۆتۆمبێلی تایبەتیش لە سۆران هاوشێوەی تەكسییەكان كاری گواستنەوەی هاووڵاتییان ئەنجام دەدەن، ئەمەش كێشەیەكە و هەروەها دیاردەیەكی ناشرینیشە، پێویستە تەكسییەكان لە ئۆتۆمبێلی تایبەتی بگوازرێنەوە و دیار بن.

لای خۆیەوە عەلی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، هەموو هێلەكانی گواستنەوەی هاووڵاتییانمان ئەوانەی لە سۆران بۆ شار و شارۆكە و شارەدێیەكانی دەرەوەی سۆران رێك خستووە بە ئۆتۆمبێلی مۆدێلی پێشكەوتوو كاری گواستنەوەی هاووڵاتییان دەكەن، بەڵام هێلەكانی ناوخۆی سۆران تا ئێستە نەتوانراوە بەباشی كۆنتڕۆڵ بكرێت و هاووڵاتییان بە ئۆتۆمبێلی تایبەت كاری گواستنەوە ئەنجام دەدەن. 

رەچاوی ژیان و گوزەرانی ئەو هاووڵاتییانە دەكەین كە كاری تەكسی دەكەن، رەنگە هەموویان ئەو توانایان نەبێت ئۆتۆمبێلی تەكسی مۆدێل سەرووی 2010 بەرز بكڕن، بۆیە بەو ئۆتۆمبێلە بێ كەڵك و مۆدێل كۆنانە كاری گواستنەوەی سەرنشینیان دەكەن، هەرچەندە ئەمە سەرپێچییە لە یاسا و رێنوێنی گواستنەوە. بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی سۆران وای گوت.

زیاتر گوتی، بۆ بنبڕكردنی ئەو دیاردەیە پێویستیمان بە هەوڵ و هاوئاهەنگی لایەنە پێوەندیدارەكانی سۆران هەیە بە تایبەت بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ. 

لای خۆیەوە رائید دلاوەر لەتیف گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، لە رووی رێنوێنی و یاساكانی هاتوچۆوە، ئۆتۆمبێلی تایبەت بە هیچ شێوەیەك بۆی نییە كاری گواستنەوەی هاووڵاتییان بكات و تەنیا تەكسییەكان دەتوانن ئەو كارە ئەنجام بدەن، ئەوانیش لە گواستنەوە و گەیاندن پێویستە ناویان تۆمار بكرێت.

گوتەبێژی هاتوچۆی سۆران نكووڵی لەوە ناكات كە ئۆتۆمبیلی تایبەت لە سۆران هاوشێوەی تەكسییەكان كار دەكەن و دەڵێت، لە زۆربەی شار و شارۆكەكانی كوردستان ئۆتۆمبێلی تایبەت كاری تاكسی و كرێ ئەنجام دەدەن، ئەم حاڵەتە تەنیا لە سۆران بوونی نییە، هەر چەندە كارێكی جوان و یاسایی نییە و بە فەرمی قەدەغەمان كردووە. 

ئەو بەرپرسەی هاتوچۆ ئاشكرای دەكات، لیژنەیەكی هاوبەشمان لەگەڵ نووسینگەی گواستنەوە و گەیاندنی سۆران هەیە و چاودێری ئەو حاڵەتەی هاووڵاتییان دەكەین كە بە ئۆتۆمبیلی تایبەت كاری گواستنەوەی سەرنشینان ئەنجام دەدەن و چەندین كەسیش سزا دراون، بەڵام هێشتە نەتوانراوە بە تەواوی ئەو حاڵەتە بنبڕ بكەین.

شارۆكەی سۆران لە رووی كارگێڕیەوە سەر بە پارێزگەی هەولێرە، زیاتر لە 200 هەزار كەس لەو شارۆكەیە نیشتەجێیە، بە پێی ئامارێكی نووسینگەی گواستنەوەی سۆران زیاتر لە 400 تەكسی، هەروەها پەنجا پاس كاری گواستنەوەی هاووڵاتییان بۆ هێڵەكانی دەرەوە دەكەن و ناویان تۆمار كراوە، ئەمە لە كاتێكدایە سۆران و دەورووبەری زیاتر لە 70 هەزار ئۆتۆمبیلی بە گشت جۆرەكانییەوە هەیە.

سۆران/ موڕشید برادۆستی 




 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل