پێنجوێن لەسەر هێڵی بوومەلەرزەیە و بەشی پێشبینی كەشناسی نییە

:: PM:10:13:14/11/2017 ‌

بەم دواییە چەند بوومەلەرزەیەكی بەهێز عێراق و هەرێمی كوردستان و ئێران و سووریا و كوێتیان هەژاند، چەقی بوومەلەرزەكە نزیك سنوورەكانی ئێران و بەتایبەتی كوردستانی رۆژهەڵات بوو، ئەو زیانێكی زۆری گیانی و مایەكی لێ كەوتەوە، هاوكات شارۆكەی پێنجوێن كە كەوتووەتە نزیك هێڵی بوومەلەرزە تا ئێستە بەشی پێشبینی كەشناسی نییە.

بەهائەدین حەسەن، لێپرسراوی بەشی كەشناسی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی پێنجوێن بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە كرد، پێنجوێن وەك یەكێك لە ناوچە سنووری و بەرزەكانی هەرێمی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی كەوتووەتە سەر هێڵی بومەلەرزە.

زیاتر گوتی، بەڵام تا ئێستە هیچ بەشێكی پێشبینی و زانینی گوڕی بوومەلەرزە لە سنوورەكەماندا نییە، كە پێویستە هەبێت و بەشی پێشبینی و كەشناسی جیاوازە لەگەڵ بەشی كەشناسی، لە كاتی روودانی بومەلەرزەدا و پەنا بۆ شوێنەكانی تر دەبەین، بۆ وەرگرتنی زانیاری.

شارۆكەی پێنجوێن وەك ناوچەیەكی سنووریی هەرێمی كوردستان، كەوتووەتە سەر هێڵی بومەلەرزەی (ئێران– عێراق) و دوای بومەلەرزەكەی دوو شەوی رابردوو، پێنجوێنییەكان هێشتە، بیرەوەری تاڵی یەكەم بومەلەرزەی وێرانكاری دەگێڕنەوە كە لە 70 ساڵی رابردوو رووی داوە و "پێنجوێن"ی تەخت كردووە، هاوكات تا ئێستە شارۆكەكە بەشی پێشبینی بومەلەرزەی تێدا نییە و ئەوەش بۆ خۆی كێشەیە.

مامۆستا عەبدولڕەحمان عەلی، رۆشنبیر لە پێنجوێن لە لێدوانێكی تایبەتدا بە"وشە"ی راگەیاند، لە رێكەوتی 8/8/1946 بوومەلەرزەیەكی بەهێز پێنجوێنی هەژاند، گوڕی بومەلەرزەكەی ئەوسا پێنج پلە بووە بە پێوەری رێختەر و ناوچەكە دەكەوێتە چەقی روودانی بوومەلەرزە لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش، بەهۆی بومەلەرزەكەوە لەو ساڵەدا چەندین ماڵ داڕمان و چەندین هاووڵاتیش برینداربوون، ئەمە جگە لەوەی كە بووە هۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەكی زۆری خەڵك و بەجێهێشتنی ماڵ و گەڕەكەكانیان بۆ ماوەیەكی زۆر.

زیاتر گوتی، بوومەلەرزەكەی ئەوسای پێنجوێن هێندە بەهێزبووە كە تاكو ئەم بوومەلەرزە تازەیەی دوو شەوی ڕابردوو، كە لە زۆرینەی شار و شارۆكەكانی باشوور و باكور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای كوردستانی گرتەوە، بەو هۆیەوە ژمارەیەك هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا و سەدانی تریش برینداربوون و بوومەلەرزەی لەو شێوەیە بە بەهێزی ڕووی نەداوە. 

شارۆكەی پێنجوێن، نزیكەی 1200 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە و ناوچەیەكی شاخاوی و سەختە و لە سەتەكانی رابردوودا، چەندین جار دووچاری كارەساتی سروشتی و وێرانكاری بووەتەوە، ئەوەش تا ئێستە لەبیرەوەری پێنجوێنییەكان بە زیندوویی ماوەتەوە.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل