بەغدا لە ترسی ئێران
سەردانی جێنشینی سعوودیە بۆ عێراق هەڵدەوەشێنێتەوه‌

:: AM:09:35:15/11/2017 ‌
بەرپرسێكی نزیك لە حەیدەر عەبادی ئاشكرای كرد، لەلایەن عێراقەوە سەردانی جێنشینی پاشای سعوودیە محەمەد بن سەلمان بۆ بەغدا دوا خراوە، بەهۆی كێشەكانی ئەم دواییەی لە ناوچەكە ڕوو دەدەن و عێراق نایەوێ بە پێشوازیكردن لە بن سەلمان، تاران لە خۆی تووڕە بكات.

جاسم محەمەد جەعفەر پەرلەمانتاران لە فراكسیۆنی هاوپەیمانی نیشتمانیی شیعەكان ڕای گەیاند، عەبادی بانگهێشتنامەی پێشكەشی جێنشینی سعوودیە كرد لەمیانەی دوا سەردانی بۆ ڕیاز تا سەردانی عێراق بكات، بەگوێرەی ڕێككەوتنەكە دەبوو لە سەرەتای ئەم مانگە جێنشینی سعوودیە سەردانی بەغدا بكات، بەڵام بەهۆی ڕووداو و گۆڕانكارییە خێراكانی ئەم دواییە لە سعوودیە و ناوچەكە و لبنان و دەست لەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیرانی لبنان سەعد حەریری، بۆ عێراق قورسە پێشوازی لە كەسێك بكات كە ناكۆكی قورسی لەگەڵ ئێراندا هەیە.

هەروەها گوتی، عێراق دەیەوێ سەربەخۆ بمێنێتەوە و نەبێتە لایەنگیری هیچ لایەك، بۆیە كاتی ئێستە بۆ سەردانەكە گونجاو نییە و لەلایەنی عێراقییەوە ڕیاز ئاگەدار كراوەتەوە تا سەردانەكەی شازادە محەمەد بن سەلمان دوا بخرێ، هاتنی جێنشینی سعوودیە لەو كاتە بۆ عێراق ناكۆكی قووڵ و گرژی زیاتر لە نێوان عێراق و ئێران دروست دەكات، جیا لەوەیش حزبوڵای عێراق و لایەنەكانی تری نزیك لە ئێرانیش كە لەناو عێراقن، بە توندی دژی ئەو كارە دەوەستنەوە.




وشە - باز ئه‌حمه‌د