چارەنووسی دێمبێلێ بۆ یاریی كلاسیكۆ یەکلایی بووەتەوە

:: AM:10:45:15/11/2017 ‌

یانەی بەرشەلۆنە لە مانگی داهاتوودا قورسترین تاقیكردنەوە ئەنجام دەدات ئەویش یاریی كلاسیكۆی چوونی خولی پلە یەكی ئیسپانیایە بەرامبەر یانەی ریال مەدریدی ركابەری.

بەگوێرەی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان عوسمان دێمبێلێی ئەستێرەی فڕەنسی ناتوانێ لەو یارییەدا لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە یاریی بكات، چونكە لەو وادەیەدا بەتەواوی بۆ یاریكردن ئامادە نابێت.

دێمبێلێ لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی رابردوودا لە یانەی دۆرتمۆندی ئەڵمانی پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە كرد، دوای چەند هەفتەیەكی كەم لە یاریكردن تووشی پێكانێكی قورسی چۆكی هات و بەو هۆیەوە لە وڵاتی فینلەندا نەشتەرگەرییەكی سەركەوتووی بۆ ئەنجامدرا.

رۆژنامەی (سپۆڕت)ی كەتەلۆنی جەختی كردەوە كە دێمبێلێ بۆ یاریی كلاسیكۆ ئامادەی یاریكردن نابێت كە بڕیارە رۆژی 23ی مانگی داهاتوو لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بێتە ئەنجامدان.

لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی ئەوە هەبوو كە دێمبێلێ بۆ یارییەكە ئامادە دەبێت، چونكە لە چارەسەرییەكاندا قۆناغی باشی بڕیوە و بەر لە وادەی دیاریكراودا كە دوای ناوەڕاستی مانگی یەكی ساڵی داهاتووە دەگەڕێتەوە.

لەمبارەیەوە رۆژنامەكە ئاشكرای كرد كە راستە دێمبێلێ قۆناغێكی باشی لە چارەسەرییەكان بڕیوە، بەڵام بۆ رۆژی یاریی كلاسیكۆ بەتەواوی ئامادە نابێت و بێگومان یانەی بەرشەلۆنەش نایخاتە ژێر باری مەترسییەوە تا بەواوی چاك نەبێتەوە.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە كە دەستەی پزیشكی یانەی بەرشەلۆن رێگە راهێنەری یانەكەیان دەدەن لە مانگی یەكی ساڵی داهاتوودا بۆ چەند یارییەك تەنیا گێمێك یاریی بە دێمبێلێ بكەن تا بەتەواوی تواناكانی جەستەی دەگەڕێتەوە و ئامادە دەبێت بۆ یاریكردن.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م