پارێزگای مووسڵ: ئەو بەرپرسانەی حەشد دایناون ناشەرعین

:: AM:11:11:15/11/2017 ‌
سەرۆكی لیستی برایەتیی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ ئاشكرای كرد، ئەو بەرپرسە كارگێڕییانەی حەشدی شەعبی لە شنگال دایناون، ناشەرعین و مامەڵەیان لەگەڵ ناكەین و هیچ نووسراوێكیشیان لێ وەرناگیرێ و بۆیان ڕەوانەی بەغدا ناكرێت.

سەیدۆ چەتۆ سەرۆكی لیستی برایەتیی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هاتنی حەشدی شەعبی بۆ سنووری پارێزگای مووسڵ، هەر لە سەرەتاوە لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵەوە ڕەت كراوەتەوە، بەڵام ئەوان گوێ بە بڕیاری ئێمە نادەن و پێچەوانەی یاسا هاتوونەتە ناوچەكە و بە بڕیاری ئەوانیش بەرپرسە كارگێڕییەكانی ناوچەكانی نەینەوا گۆڕاون، لەوانە قایمقامی شنگال، بەڕێوەبەری شارەدێكانی "گرعوزێر، قەیرەوان، سنوونێ" كەسانی سەر بە حەشدی شەعبی لێ دانراون، بەڵام ئەوانە متمانەی ئەنجوومەنی پارێزگایان نییە و ناشەرعین، جیا لەوەیش ئەو بەرپرسانەی بۆ ناوچەكە دانراون، خەڵكی شارەكە نین، بۆ نموونە كەسێك بەناوی فەهد حامد كراوەتە قایمقامی شنگال كە بڕوانامەی ناوەندی هەیە و ئەندامی ئەنجوومەنی شارۆكەی بەعاجە، ئەمە هیچ ڕەوایەتی نییە، ئەندامی ئەنجوومەنی شارۆكەیەكی تر ببێتە بە قایمقامی شارۆكەی شنگال.

هەروەها گوتی، میلیشیاكان ڕێ نادەن بەرپرسە شەرعییەكان بچنەوە سەر كاری خۆیان، بەڵام لەبەر ئەوەی ناشەرعین، پارێزگاری مووسڵ مامەڵەیان لەگەڵ ناكات و نووسراویشیان لێ وەرناگرێ و بۆیشیان ناكات.

لەبارەی دانەنانی پارێزگاری نوێ بۆ مووسڵ، سەرۆكی لیستی برایەتیی و پێكەوەژیان گوتی، پارێزگاری پێشوو تانەی لە بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگا داوە، بۆیە تا ئێستە پارێزگاری نوێ دانەنراوە.

لەسەر پرسی دانانی بەرپرسی یەكە كارگێڕییەكان لە شنگال و ناوچەكانی تر، قایمقامی شنگال مەحما خەلیل بۆ "وشە" گوتی، ئەو كەسانەی دانراون نزیكن لە پەكەكە و فەرمان لە پارێزگا و حكوومەتی عێراقیش وەرناگرن، بەڵكو لە حەشدی شەعبی و پەكەكە فەرمان وەردەگرن.

هەولێر/بڵند ئیبراهیم.


وشە - باز ئه‌حمه‌د