رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاری دا میلیشیاكانی سەر بە ئێران سووریا جێ بهێڵن

:: AM:11:14:15/11/2017 ‌

رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەیاننامەیەكدا وێڕای شەرمەزاركردنی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لە سووریا، داوای كرد هەموو ئەو میلیشیایانەی سەر بە ئێرانن، سووریا جێ بهێڵن.

بڕیارنامەكەی ئەنجوومەنی گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرەتووەكان هەموو ئەو پێشێلكارییانەشی شەرمەزار كردووە كە لە ساڵی ٢٠١١ەوە ئەنجام دراون و رژێمی بەشار ئەسەدیشی بە بەرپرسیاری ئەو پێشێلكاری و تاوانانە هەژمار كردووە.

بەگوێرەی "ئەلعەرەبیە" لە بڕیارنامەكە ناوی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و حزبوڵای لبنان هاتووە و داوایان لێ كراوە چیتر لە سووریا نەمێننەوە.

زۆرێك لە میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە پاكستان و ئەفغانستان و عێراق و لبنان بۆ پاڵپشتی لە رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا دەجەنگن.

پێش دەنگدانەكە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتبووی كە رووسیا بەڵێنی ئەوەی نەداوە میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە سووریا بكشێنەوە و تەنانەت گوتبووی مانەوەی میلیشیاكانی ئێران لە سووریا یاسایییە.

ئەمە لە كاتێكدایە هەردوو سەرۆكی ئەمەریكا و رووسیا لە ڤێتنام چاویان بە یەكتر كەوتبوو و هەر لەوێ بیاننامەیەكی هاوبەشیان لەبارەی پرسی سووریا بڵاو كردەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا تویتێكی لەوبارەیەوە بڵاو كردبووەوە كە نووسرابوو "ترەمپ و پوتین ئەو لێكتێگەیشتنەیان واژوو كرد كە لە هەشتی تشرینی دووەم لە ئوردن هەریەك لە ئەمەریكا و رووسیا لەسەری رێك كەوتبوون. رێككەوتنەكە بریتییە لە كەمكردنەوەی ئەو چەكدارە بیانییانەی لە سووریا جەنگ دەكەن و دواتر كشانەوەیان تا كاتێك ئاشتی و ئارامی وڵاتەكە دەگرێتەوە."





وشە - سلێمان تاشان