ئاماری فەرمی حکوومەت 474 کەسە
نوێنەری کرماشان: بەهۆی بوومەلەرزە هەزار کەس گیانیان لە دەست داوە

:: AM:10:44:16/11/2017 ‌


 

نوێنەری کرماشان لە پەرلەمانی ئێران ئاشکرای کرد كه‌ ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەی شەوی یەکشەمی رابردوو گیانیان لەدەست داوە, دەگاتە سەرووی هەزار کەس. راگه‌یاندنی ئه‌م ژماره‌یه‌ لە کاتێکدایە حکوومەتي ئێران بە فەرمی ژمارەی ئەو کەسانەی مردوون بە ٤٧٤ کەس بڵاو كردووه‌ته‌وه‌.

 

ئەحمەد سەفەری نوێنەری کرماشان لە پەرلەمانی ئێران, بە توندی رەخنە لە بەرپرسانی وڵات دەگرێت کە لە فریاکەوتنی لێقەوماوان کەمتەرخەم بوون و ئاماژە بە رێکخراوی مانگی سووری ئێرانی دەکات کە توانای ئەوەی نییە یارمەتی لێقەوماوان بدات, بەڵکو به‌گوته‌ی ئه‌و "رێکخراوەکە خۆی پێویستی بەوەیە لە رووی کارگێڕییەوە یارمەتی بدرێت".

 

سەفەری گوتی, تەنیا ١٠%ی گوندنشینان خێوەتیان وەرگرتووە و هێشتا خەڵکێکی زۆر پێویستی بەوەیە خێوەت و پێداویستی سەرەتایی پێ بدرێت.

 

 بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە بە گشتی سەرووی هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە. هاوکات حیشمەتوڵا فەلاحەت پیشە   نوێنەری ئیسلامئابادی رۆژئاوا /شارێکی تری پارێزگای کرماشان/ لە پەرلەمانی ئێران, رەخنە لە نوێنەری کرماشان دەگرێت و دەڵێت, ئامارەکەی سۆزدارانه‌یه‌وه‌ و ناکرێت یەکسەر ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەست داوە دوو هێندە بەرز بکرێتەوە.

 

به‌ڵام نوێنەرەکەی کرماشان پێی وایە زۆر لە لێقەوماوان هیچ جۆرە یارمەتییەکیان پێ نەگەیشتووە و خەڵک چاوەڕوانی ئەوەن سەرەتاییترین یارمەتی مرۆییان بەدەست بگات.

 

نوێنەری ئیسلامئابادی رۆژئاوا لە پەرلەمانی ئێران گوتی, هیچ پاساوێک بۆ ئەوە نییە ئاماری مردووان بە کەم رابگەیەنرێت, بۆیە پشتیوانی لە ئاماری فەرمی حکوومەت کرد و گوتی "ناکرێت ژمارەکە دوو هێندە بەرز بکرێتەوە".

 

بوومەلەرزەکە شەوی یەکشەم لەسەر دووشەم سەعات ٩:٢٠  خولەک بە گوڕی ٧.٣ بە پێوانەی ریختەر رووی دا کە ناوەندەکەی سنووری نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کردستان بوو لە نزیک هەڵەبجە. بەپێی دوایین لێكۆڵینەوەكان، ١٥٠ ملیۆن كەس لە ناوچەكە هەستیان بە بوومەلەرزەكە كردووە. رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەوەی خەمڵاندووە كە لە بازنەیەكی شوێنی بوومەلەرزەكە بە نیوەی تیرەی ١٠٠ كیلۆمەتر، ملیۆنێك و ٨٠٠ هەزار كەس دەژین.

 

ئەو بوومەلەرزەیە ، یەكێكە لە بەهیزترین ئەو بوومەلەرزانەی لە ماوەی ١٠٠ ساڵی رابردوودا لەو پارێزگایە رووی دابێت. لە هەرێمی كوردستانیش بیری خەڵك نایەت هەستیان بە بوومەلەرزەیەكی ئاوا بەهێز كردبێت.

 




وشە - سلێمان تاشان