پەكەكە: یەكێتی هاوكاری توركیایە لە هێرشكردنە سەرمان

:: AM:11:07:16/11/2017 ‌
ڕۆژنامەیەكی عەرەبی ڕاپۆرتێكی لەسەر چارەنووسی دوو كارمەندەكەی میت كە لەلایەن پەكەكەوە لە دووكان گیران، بڵاوكردووەتەوە و تێیدا لێدوانی بەرپرسێكی باڵای یەكێتی ئاماژە داوە، كە نێوەندگیری نێوان پەكەكە و توركیا دەكەن، بەڵام پەكەكە بە هاوكاریكردنی توركیا تۆمەتباری كردوون و رای گەیاندووە كە "بە جێبەجێكردنی 12 مەرج ئامادەیە دوو كارمەندەكەی میت ئازاد بكات".

ڕۆژنامەی "القدس العربی" بڵاوی كردەوە، ئێران و ژمارەیەك حزبی كوردی لە كوردستانی عێراق نێوەندگیری لە نێوان توركیا و پەكەكە دەكەن، بۆ ڕزگاركردنی ئەو دوو كارمەندەی دەزگەی هەواڵگری توركیا "میت" كە سێ مانگ پێش ئێستە لەلایەن پەكەكەوە لە شارۆكەی دووكانی سەربە پارێزگاری سلێمانی، گیران.

سەرچاوەیەكی تەناهی و بەرپرس لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، پارتی كرێكاران 12 خاڵی وەك مەرجی ئازادكردنی ئەو دوو كارمەندەی میت ڕاگەیاندووە، گرنگترینی ئەو خاڵانە ئازادكردنی ژمارەیەك گیراوی پەكەكەیە لە گرتووخانەكانی توركیا و پێدانی بڕێك پارە لە بەرامبەر ئازادكردنی دوو كارمەندەكەی میت.

سەرچاوەكەی یەكێتی دەڵێ، هەوڵی نێوەندگیری و چارەسەری كێشەكە دەدەین، تا لەو ڕێگەیەوە پێوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ توركیا باش بكەینەوە، كە بەهۆی ئەو گرفتەوە پێوەندییەكانمان لەگەڵ توركیا بە تەواوی داڕمان، بەڵام كێشەكە گەورە و قووڵە، چونكە پەكەكە ئێمە تۆمەتبار دەكەن، بە هاوكاریكردنی توركیا بۆ بە ئامانجگرتنی بنكەكانی پەكەكە، تا ئێستەیش وەڵامێكی یەكلاكەرەوەی نییە بۆ هەوڵەكانمان بە ئامانجی نێوەندگیری و ئازادكردنی ئەو دوو كارمەندە.

مانگی ئاب/ئۆگەستی ئەمساڵ دوو كارمەندی دەزگەی هەواڵگری توركیا "میت" لەلایەن هێزێكی پەكەكەوە لە شارۆكەی دووكانی سەربە پارێزگای سلێمانی گیران، میدیاكان باسیان لەوە دەكرد، ئەو دوو كارمەندە ئەركیان ئەنجامدانی كردەیەكی كوشتن بووە، كە جەمیل بایك هاوسەرۆكی پەكەكەیان بە ئامانج گرتووە. 

دوای گرتنی ئەو دوو كارمەندەی میت لەلایەن پەكەكەوە، كە دەگوترا یەكێتی ئاسانكاری بۆ كردوون، دەسبەجێ توركیا بەهرۆز گەڵالی نوێنەری یەكێتی لە توركیا دیپۆرتی سلێمانی كردەوە و بە تەواوی پێوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتی هەڵپەسارد.

ئەو هەوڵانەی یەكێتی بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی لەگەڵ توركیا لە ڕێی ئازادكردنەوەی ئەو دوو كارمەندەی میت دێن، هاوكات لە ژمارەی دوێنێ چوارشەمی هەفتەنامەی "وشە"دا ڕاپۆرتێك لەبارەی پێدانی زانیاری لەلایەن ناپاكەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بە ئێران و توركیا لەسەر بنكە و بارەگەكانی پەكەكە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دراوە، بەو هۆیەوە رۆژی سێ و 12ی ئەم مانگە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردمانی چیای ئاسۆس لە ناوچەی ماوەت كرد و دەگوترێ بە وردی پێگەكانی پەكەكەی پێكاوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د