بوومەلەرزە جارێكی تر گەرمیان و ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەژاند

:: AM:09:04:18/11/2017 ‌

بەیانی ئەمڕۆ شەموو جارێكی تر بوومەلەرزەیەك ناوچە سنوورییەكانی نێوان عێراق و ئێران، واتە ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستانی هەژاندەوە، بەڵام گوڕی بوومەلەرزەكە هێندە بە هێز نەبووە و زیانێكی ئەوتۆی لێ نەكەوتووەتەوە.

بەگوێرەی داتاكانی سەنتەری پێوانەی بوومەلەرزەی یەكێتیی ئەوروپا، بوومەلەرزەكەی بەیانی ئەمڕۆی ناوچە كوردستانییەكان لە سەعات 4:12 خولەكی بەرەبەیان ڕووی داوە و مەودای بوومەلەرزەكە لە هێڵی ستوونی 34ی باكور و هێلی پانی 45 ی گۆی زەوی بووە و بە قووڵایی 15 كیلۆمەتر كاریگەری هەبووە و گوڕەكەیشی 4.6 پلە بە پێوەری ڕێختەر بووە.

زانیارییەكان هێما بۆ ئەوە دەكەن كە بوومەلەرزەكەی ئەمڕۆ شەموو ناوچەكانی یەكەی كارگێڕیی گەرمیانی گرتووەتەوە، هاوكات ناوەندی تۆماری بوومەلەرزە لە ئێران دووپاتی كردەوە كە لە ناوچەی قەسری شیرینی پارێزگای كرماشانیش بەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزە ڕووی داوە.

ڕۆژی یەكشەمی ڕابردوو 12 تشرینی دووەم/نۆڤێمبەر سەعات 9:18 خولەكی ئێوارە بوومەلەرزەیەك لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕووی دا، بەوهۆیەوە  شارۆكەی دەربەندیخانی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە باشوور زۆرترین زیانی بەركەوت و لە ڕۆژهەڵاتیش شاری كرمانشان گەورەترین زیانی پێ گەیشتووە و قوربانی زۆری بەوهۆیەوە لێ كەوتەوە.





وشە - باز ئه‌حمه‌د