فەیسبووك باكور و باشووری كوردستان بەیەكەوە دەبەستێتەوە

:: AM:11:22:18/11/2017 ‌
هەرچەندە لە ڕووی كارگێڕییەوە شارۆكەی ئامێدی دەكەوێتە سنووری پارێزگای دهۆك و دهۆكیش دەكەوێتە چوارچێوەی سنووری وڵاتی عێراق، بەڵام لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك كاتێك خەڵكی ئەو ناوچەیە پۆستێك دەكەن، لۆكەیشنەكەیان شاری ئامەدی باكوری كوردستان دەنووسرێ، ئەمە لەلایەكەوە جێی دڵخۆشییە و بەیەكەوە بەستنەوەی باكور و باشوورەوە، لەلایەكی ترەوە خەڵكی ئەو ناوچەیەی نیگەران كردووە، چونكە هەر كاتێك پۆستێك دەكەن، فرێندەكانیان لێیان دەپرسن كەی ڕۆیشتوون بۆ ئامەد و بۆچی لە توركیان.

عەبدوڵا ئیسماعیل هاووڵاتییەكی شارۆكەی ئامێدی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كاتێك هەر شتێك لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك پۆست دەكەین، لۆكەیشنەكە دەنووسرێ توركیا، دیاربەكر، ئامێدی. ئەمەیش لە كاتێكدایە هیچ گومانێك نییە كە لە ڕووی یەكەی كارگێڕییەوە ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆكە و لە ڕووی وڵات و سنووری فەرمییەوەش ئامێدی دەكەوێتە ناو وڵاتی عێراق.

هەروەها گوتی، بەلامانەوە سەیرە كە بۆچی ناوی ئامێدی وەك بەشێكی سەر بە پارێزگای ئامەدی باكوری كوردستان هەژمار كراوە، ئەمە لەڕووی نەتەوەییەوە جێی دڵخۆشییە و نیشانەی بەیەكەوەبەستنەوەی باكور و باشووری كوردستانە، بەڵام لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە گرفت بۆ ئێمە دروست دەكات، چونكە كاتێك هەر شتێك پۆست دەكەین لە فەیسبووك، برادەرەكانمان پرسیاری ئەوەمان لێ دەكەن، كەی و بۆچی چوونەتە شاری ئامەد و توركیا، لە ڕاستیشدا ئێمە لە ماڵی خۆمانین لە ئامێدی نەك لە ئامەد و توركیا.

د. نەشوان بەرواری مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی بواری جیۆگرافیا بۆ "وشە" گوتی، هۆكاری سەرەكی ئەو بابەتە بۆ پێدانی زانیاری هەڵە بە كۆمپانیاكان و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە، ئەو زانیارییانەی ئێستە پشتی پێ بەستراوە، مامەڵەكردنە لەگەڵ پارێزگا و ویلایەتەكانی دەوڵەتی عوسمانی، چونكە لەو سەردەمە ئامێدی بەشێك بووە لە ویلایەتی دیاربەكری سەر بە ئیمپراتۆریی عوسمانلی، بۆیە پێویستە وەزارەتی ڕۆشنبیری زانیاری پێویست و دروست بە كۆمپانیاكان بدات، تا ناونیشانەكان بە هەڵە دووبارە نەبنەوە.

ئامێدی دەكەوێتە 60 كیلۆمەتر ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دهۆك، شەش شارەدێی و زیاتر لە 300 گوندی بەسەرەوەیە و پێشتر پایتەختی میرنشینی بەهدینان بووە.

دهۆك/نەوزاد هلۆری.







وشە - باز ئه‌حمه‌د