عێراق بووەتە دووەم گەورەترین كڕیاری گازی ئێران

:: PM:03:33:18/11/2017 ‌

عێراق سەرەڕای ئەوەی كە خاوەنی سامانێكی زۆری گازی سروشتییە، بەڵام دەستی بە كڕینی گاز لە ئێران كردووە و ساڵانە بڕە پارەیەكی زۆر بۆ كڕینی گاز رادەستی ئێران دەكات.

سەعید تەوەكولی بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەی گازی ئێران ئاشكرای كرد، ئێستە عێراق رۆژانە ١٤ ملیۆن مەترس سێجا گاز لە ئێران هاوردە دەكات و بەمەش بووەتە دووەم گەورەترین كڕیاری گاز لە ئێران.

بە بۆچوونی ئەم بەرپرسەی ئێران لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا، ئێران نزیكەی یەك ملیار و ٢٠٠ ملیۆن مەتر سێجا گازی كڕیوە و سەرجەم ئەو گازەش لە وێستگەیەكی گازی لە سنووری نەفتشەهر لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی كوردستان بار كراوە.

بە گوێرەی رادیۆ فەردا گەورەترین كڕیاری گازی ئێران توركیایە كە رۆژانە سی ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی هاوردە دەكات. ئێران خاوەنی ٢٧ تریلیۆن مەتر سێجا یەدەگی گازە و بە دووەم دەوڵەمەندترین وڵاتی دنیا لەرووی سەرچاوەی گازەوە هەژمار دەكرێت.

عێراق لە كاتێكدا ئەو بڕە گازە زۆرە لە ئێران دەكڕێت كە خۆی بە گازی سروشتی دەوڵەمەندە و هەوڵ نادات سەرچاوەكانی خۆی بەكار بهێنێت. 





وشە - سلێمان تاشان