رێوشوێنەكان لە مەرزی باشماخ توند دەكرێن

:: PM:09:32:19/11/2017 ‌

لەناو مەرزی نێودەوڵەتی باشماخدا، ژمارەیەك بڕیاری نوێ دەركران، كە پێوەندیدارن بە كاروباری ئەو كەسانەی كاری بازرگان و شۆفێر و ئۆتومبێلە بارهەڵگرەكان ئەنجام دەدەن، هەروەها لەلایەن كارمەندانی دەروازە و ئاسایشی مەرزەكەشەوە، لەمەولا رێوشوێنی توندتر بەرامبەر هاووڵاتی و گەشتیاران دەگیرێتە بەر، ئەمە جگە لەوەی كە پەنجەمۆریش وەردەگیرێت و ئۆتۆمبێلی تایبەتی سەرجەم فەرمانبەران و هاووڵاتییانیش، كە رۆژانە دەچنە مەرزەكەوە، پێویستە بخرێنە ناو سیستەمی ئەلیكترۆنی گومرگەوە.

ئەزوەر مەحموود، سەرپەرشتیاری بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵگەی دەروازەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، بە"وشە"ی راگەیاند، لە دوایین كۆبوونەوەمان لەگەڵ یاریدەدەریەتی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتی گومرگ و بنكەكانی پۆلیسی گومرگ و پۆلیسی ناوخۆ و پۆلیسی هاتوچۆ و نشینگە و سەندیكای شۆفێران و گۆڕەپانی مۆدێرنی باشماخ، لەپێناو خزمەتی زیاتری سەرجەم هاووڵاتییان و گەشتیاران و شۆفێران و بازرگانانی هەرێم و ئێران بڕیار لەسەر چەند خاڵێكی نوێ درا.

زیاتر گوتی، سەبارەت بە دەرهێنەرە گومرگییەكان، ئەوانەی كاروباری بازرگانان ئەنجام دەدەن و كرێكار و تەكسییەكانی كە دێنە ناو مەرز، پێویستە كاتێك دێنە ناو مەرزەكە پەنجەمۆر بكەن و  رۆژانە لە ژووری پێشوازی كۆنتڕۆڵی دەروازە، هەروەها پێكهێنانی لیژنەیەك لە ئاسایش و  پۆلیس و گومرگ و دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ، بۆ پێداچوونەوە بە كاروباری دەرهێنەرە گومرگییەكان و ڕێكخستنیان بە پێی یاسا و بوونی باج و ئۆفیسیان دیاریكراو بێت.

ئاماژەی بەوە كرد، لەمەولا پێویستە كارمەندانی ئاسایشی باشماخ، ئەركی پشكنین ئەنجام بدەن لەكاتی هاتنە ناوەوەی گەشتیاران و هاووڵاتییان بۆ ناو باشماخ، هەروەها نەهێشتنی دیاردەی نایاسایی لەلایەن ئەو شۆفێرانەی كە كاری نەفەرات دەكەن لەناو دەروازەدا و پێویستە لە ماوەی سێ مانگدا، ئۆتۆمبێلەكانیان بكەنە تەكسی هەموو ئەو ڕێوشوێنانە بگیرێتە بەر كە یاسای هاتوچۆ پەسەندی دەكات.

ئەزوەر مەحموود روونی كردەوە، ناكرێت هیچ كارمەندێك ئۆتۆمبێلی شەخسی خۆی لەكاتی ئەركدا لە دەروازەكان ڕابگرێت، بە پێجەوانەوە تووشی لێپرسینەوە دەبێت و لەمەولا پێویستە ئۆتۆمبێلی شەخسی (قەمەرە) هی سەرجەم فەرمانبەران و هاووڵاتییان كە دێنە مەرزەكەوە، داخیڵی سیستەمی ئەلیكتڕۆنی  گومرگ بكرێن.

هاوكات شاخەوان بەكر، بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە كرد، بڕیار درا بەوەی لەمەولا بەڕێوەبەرایەتی گومرگی باشماخ، لەكاتی گەڕانەوەی ئۆتۆمبێلی گەشتیاریدا بۆ وڵاتی ئێران هەر ئۆتۆمبێلێك مۆر و واژووی پۆلیسی هاتوچۆ لەسەر مامەڵەكەی نەبوو، كاری پێویستی بۆ ئەنجام نەدرێت و  بگەڕێنرێتەوە بۆ بنكەی پۆلیسی هاتوچۆی باشماخ تا بزانرێت چ كێشەیەكی هەیە.

زیاتر گوتی، هاوكات بڕیاری ئەوەش درا كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخەوە نووسراو بكرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتیمان، بۆ ئەو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرانەی باجەكانیان تەواو بووە و بە باجی سەندیكای شۆفێرانەوە، داخیل دەبن و نەهاتووەنەتە دەروازە، دەبێت باجەكانیان تازە بكەنەوە، ئەگەر وا نەكە نابێت داخیلی ناو مەرز بن.

بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ روونی كردەوە، كە ئەمانە رێوشوێنی نوێن و لە چوارچێوەی كاری ئیداری نوێی مەرزی باشماخ دەگیرێنە بەر.

مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، یەكێكە لە مەرزەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران و نزیكەی شەش كیلۆمەتر لە شارۆكەی پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانییەوە دوورە، لە رێككەوتی 25ی مانگی رابردوودا وەك تەنیا مەرزی نێودەوڵەتی هەرێم و ئێران كراوەتەوە و ئێستەش رۆژانە بە شێوەیەكی زیاتر لە جاران، كاروباری بازرگانی و هاتوچۆی گەشتیارانی لێوە ئەنجام دەدرێت.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل