نەهێشتنی گەندەڵی لە عێراق چۆن دەست پێدەكات؟

:: PM:11:01:19/11/2017 ‌

رۆژنامەیەكی سعوودی بڵاوی كردەوە كە تیمی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە عێراق توانوویانە بگەنە قۆناغێكی پێشكەوتوو لە كارەكانیاندا و سەلماندنی تێوەگلانی ژمارەیەك گەورە بەرپرس و سیاسەتوانی عێراق لە فایلی گەندەڵی پێوەست بە سپیكردنەوەی پارە و بردنەدەرەوەی و بەهەدەردانی سامانەكانی رژێمی پێشووی عێراق.

رۆژنامەی "وەتەن"ی سعوودیە لە راپۆرتێكی خۆی رای گەیاند كە بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا ناوی ئەو گەورە بەرپرسانە رابگەیەندرێت، هاوكات لەگەڵ دەست بەكاربوونی ژمارەیەك گەورە كۆمپانیای بیانی بۆ جێبەجێكردنی چەند پڕۆژەیەكی گەورەی وەبەرهێنان لە پارێزگا تازە ئازادكراوەكاندا، ئەوەش بە پاڵپشتیی وڵاتانی كۆمەكبەخش.

رۆژنامەكە لە جومعە دیوان بڕیاردەری لیژنەی دەستپاكی پەرلەمی گواستەوە كە لە دوای دوو ساڵی كاركردنیان تیمی نێودەوڵەتی گەیشتە ئەنجامی تێوەگلانی گەورە بەرپرسان و سیاسەتوانانی عێراق لە فایلی گەندەڵیدا. 

دیوان زیاتر گوتی، تیمی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە كۆتایی كارەكانی نزیك بووەتەوە و ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانیشی دەداتە لایەنی پێوەندیدار لەسەر بنەمای رێككەوتننێك لە نێوان حكوومەتی عێراق و نەتەوە یەكگرتووەكانەوە ئەنجام دراوە.

روونی كردەوە، لیژنەی نەزاهەی پەرلەمان زانیاری لەبارەی كاری تیمە نێودەوڵەتییەكە و گەیشتنی بە بەڵگەی سەلمێنەر بۆ تێوەگلانی ژمارەیەك بەرپرس كە پۆستی وەزارەتیان لە حكوومەتە دوای یەكەكانی عێراق هەبووە، جگە لە كەسایەتی دیاری سیاسی لە عەرەب و كوردەوە.

بڕیاردەری لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق دووپاتی لە گرنگی دوورخستنەوەی لایەنە سیاسییە دەسترۆیشتووەكان لە كاری دادگە و كاراكردنی رۆلی لە راوەدوونانی یاسایی بەرپرسانی عێراق كە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن و بە ئاودیوكردنی سامانی گشتی تۆمەتبارن و بە نائامادەبوون حوكم دراون.

بە پێی رۆژنامەكە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوا لە دەسەڵاتی دادوەری دەكات بۆ نەهێشتنی بەربەستەكان لەبەردەم راوەدوونانی تێوەگلاوان بە گەندەڵی لە هەڵگرانی دوو رەگەزنامە كە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن و ئاماژەی كرد كە گرنگترین فایلەكانی گەندەڵی پێوەستە بە بە هەدەردانی سامانی رژێمی پێشووی عێراق كە لە دەرەوەی وڵات بووە و گەڕێندراوەتەوە تا ئێستە چارەنووسی دیار نییە.  

لە 2003دا نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق "یۆنامی"، لیژنەیەكی بۆ گەڕاندنەوەی سامانی رژێمی پێشووی عێراق لە دەرەوە پێك هێنابوو، كە بە چەندان ملیار دۆلاری ئەمەریكایی دەخەمڵێندرێت، بەڵام تا ئێستە چارەنووسیان دیار نییە، حكوومەتی عێراق لای خۆیەوە رێككەوتننێكی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان واژوو كرد كە تێمێكی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی یارمەتی عێراق بدەن لە لێكۆڵینەوەكان بەتایبەتی فایلە ئاڵۆز و پێوەست بە گەورە بەرپرسانی عێراق، ئێستەش تیمەكە لە كۆتایی كارەكانیەتی.

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند كە لە دوای كۆتاهاتنی جەنگی داعش، جەنگی نەهێشتنی گەندەڵی دەست پێ دەكات، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ نزیكبوونەوەی سەرەتای جەنگەكە، هاوكات رەوتی سەدر لای خۆیەوە دووپات لەو كارە دەكاتەوە و پاڵپشتی لەو هەنگاوەی عەبادی دەكات، موقتەدا سەدر لای خۆیەوە داوای گردبوونەوەیەكی ملیۆن كەسی كرد بۆ سووربوون لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵكاران.

ئێستە عێراق بەرەو هەڵبژاردنەكان هەنگاو دەنێت كە بڕیارە لە 15ی ئایاری 2018 هەردوو هەڵبژاردنی گشتی و پارێزگاكانی ئەنجام بدرێت، بەڵام پێ دەچێت كە پرسی گەندەڵی نەهێشتنی، پرسێكی گەرم بێت كە سوودی لێ وەردەگیرێت بۆ پاكتاوكردنی ژمارەیەك لە سەرانی سیاسی و دیار یان تۆمەتباركردنیان بە گەندەڵی وەیا هەڕەشە لێكردنیان بۆ دووركەوتنەوەیان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی لە عێراقدا.

بەم دواییە دادگەی تاوانەكانی نەزاهە لە بەغدا حوكمێكی بێ ئامادەبوونی بە زیندانیكردنی حەوت ساڵ بۆ سیامەند زەید ئەحمەد عوسمان بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پێشووتری دەستەی راگەیاندن و گەیاندن بە پێی مادەی 340 لە یاسای سزاكانی عێراق دەركرد بەهۆی زیانگەیاندن بە سامانی گشتی وڵات.

  بە پێی فەرمانگەی لێكۆڵینەوەی دەستەی نەزاهە دووپات كرایەوە كە ئەو تاوانبارە هەستاوە بە سازكردنی گرێبەستێك بە پێدانی مۆڵەت بۆ كۆمپانیایەكی گەیاندن و كۆمەڵەیەكی بازگرانی و بەو هۆیەوەش زیان بە سامانی گشتی بە بڕی نزیكەی 29 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكایی گەیەنراوە.

بڕیارەكەی دادگەی نەزاهەی بەغدا بە سزادانی ئەو تۆمەتبارە هەڵاتووە، بریتی بووە لە دەركردنی فرمانی گرتن بۆی و دەست بەسەرداگرتنی هەموو سامانی گواستراوە و نەگواستراوەی، لەگەڵ پێدانی ماف بە لایەنی زیانلێكەوتوو كە دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراقە بۆ داواكردنی قەرەبوو لە دادگە مەدەنییەكان لە دوای بڕیاری كۆتاییدا. 

سەرچاوە: بەغداد تودەی





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل