دوو بوومەلەرزەی تر سنووری عێراق و ئێرانی هەژاند

:: AM:09:09:20/11/2017 ‌

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو بوومەلەرزەی تر لە سنووری نێوان عێراق و ئێران و ڕۆژئاوای ئێران ڕووی دایەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێكی لێ بكەوێتەوە، چونكە گوڕەكەی بەو ئاستە بەهێز نەبووە كە كاولكاری دروست بكات.

بەگوێرەی ناوەندی ئەوروپا بۆ پێوانەكردنی بوومەلەرزەكان، بەیانی ئەمڕۆ دووشەم سەعات 3:17 خولەك بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 4.3 پلە بە پێوەی ڕێختەر لە ناوچەی سالندی پارێزگای خوزستانی باشووری ڕۆژئاوای ئێران ڕووی دا.

ئاژانسی میهری ئێرانی بڵاوی كردووەتەوە، كە بوومەلەرزەكە لە دووریی 40 كیلۆمەتر لە ناوچەی سالندی پارێزگای خوزستان و 40 كیلۆمەتر لە دووری سبید دەشتی پارێزگای لوڕستان ڕووی داوە.

لەلایەكی ترەوە سەنتەری ئەوروپا بۆ پێوانەكردنی بوومەلەرزە ئاماژی داوە، لە سەعات 4:54 خولەكی بەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەكی تریش بە گوڕی 3.5 پلە بە پێوەری ڕێختەر سنوورەكانی نێوان عێراق و ئێرانی هەژاندووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی گوڕەكەی هێندە بەهێز نەبووە، زۆر هەستی پێ نەكراوە.

سەعات 9:18 خولەكی شەوی 12 تشرینی دووەم/نۆڤێمبەر بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 7.2 سنووری نێوان عێراق و ئێرانی هەژاند، بەوهۆیەوە كاولكاری و ماڵوێرانی لە ناوچەكانی پارێزگای كرماشانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و شارۆكەی دەربەندیخانی باشووری كوردستان لێ كەوتەوە و بوومەلەرزەكە بە گوڕی جیاجیا لە هەولێر و كەركووك و سلێمانیش ڕووی دا.





وشە - باز ئه‌حمه‌د