ریال مەدرید هاتە نێو ركابەرییەكانی بەدەستهێنانی گریزمان

:: AM:10:02:20/11/2017 ‌

یانەی ریال مەدرید هاتووەتە نێو ركابەرییەكی رژدەوە لەگەڵ یانە ركابەرەكەی بەرشەلۆنە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئەنتوان گریزمانی هێرشبەری فڕەنسی و یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید.

رۆژنامەی (دۆن باڵۆن)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید لە ئێستادا كار لەسەر ئەوە دەكات بۆ وەرزی داهاتوو دووبارە تیپەكەی بنیات بنێتەوە.

یانەی شاهانەی پاڵەوانی وەرزی رابردووی ئیسپانیا و ئەوروپا لەم وەرزەدا ئاستی وەك پێویست نییە و بەتایبەتیش لە خولی پلە یەكی ئیسپانیادا جیاوازی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە دوای ئەنجامدانی 12 یاریی 10 خاڵە.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە یانەی ریال مەدرید بڕیاریداوە ركابەرییەكی سەرسەخت لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە بكات بۆ دەستكەوتنی گریزمان كە بەهای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید 100 ملیۆن یۆرۆیە.

گریزمان لە ئێستادا دۆخی لە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید باش نییە و بەتایبەتیش دوای ناڕەزاییەكانی ئەم دواییەی هاندەران لە یاریی ئەم هەفتەیەی دێربی شاری مەدرید بەرامبەر یانەی ریال مەدرید كە بەیەكسانبوونی هەردوو یانە بەبێ گۆڵ بەكۆتا هات.

جێی باسە یانەی بەرشەلۆنەش بڕیاریداوە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا هەموو هەوڵێكی خۆی بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی گرێبەستی گریزمان بەدەست بێنێ و لە وەرزی داهاتوودا شوێنی نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی پێ پڕ بكاتەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م