پاڵێوراوی یەكەمی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا كامەیە؟

:: AM:10:21:20/11/2017 ‌

سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی ئیتاڵیا ئاشكرای كرد پاڵێوراوی یەكەمیان بۆ راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا ئەنتۆنیۆ كۆنتی راهێنەری یانەی چێڵسی ئینگلیزییە.

كارل تاڤیكۆ سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی ئیتاڵیا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: پاڵێوراوی یەكەممان بۆ شوێنگرتنەوەی گیان پێر ڤینتۆرای راهێنەری لەكار لادراوی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا كۆنتییە.

چەند رۆژێك پێش ئێستا یەكەتیی تۆپی پێی ئیتاڵیا بەفەرمی ڤینتۆرای لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دوور خستەوە دوای ئەوەی نەیتوانی هەڵبژاردەكە بگەیەنێتە یارییەكانی كۆتای مۆندیالی 2018ی رووسیا.

تاڤیكۆ رایگەیاند چەند راهێنەرێك بۆ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا پاڵێوراون كە ئەوانیش برێتین لە ماسیمۆ ئەلیگری راهێنەری یانەی یۆڤنتۆس و رۆبەرتۆ مانچینی راهێنەری یانەی زینیتی رووسی، بەڵام ئەم پاڵێوراوانە دوای راهێنەرەكەی یانەی چێڵسی دێن.

سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی ئیتاڵیا هەروەها رایگەیاند: ئێمە بەدوای باشترینین، سەرجەم راهێنەران كۆنتی، ئەلیگری، مانچینی و رانیێری تا هاوینی داهاتوو پەیوەندییان لەگەڵ یانەكانیان ماوە، پێش ئەو وادەیەش هەر راهێنەرێكیان ئازاد بوو گرێبەستی لەگەڵ دەكەین، بەڵام نایشارمەوە پاڵێورای یەكەممان كۆنتییە.

جێی باسە راهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا كاری سەرەكی برێتی دەبێت لە بەدەستهێنانی جامی نەتەوەكانی ئەوروپا (یۆرۆی 2020) دوای ئەوەی هەڵبژاردەكە لەسەر دەستی هەڵبژاردەی سوێد لە مۆندیالی 2018ی رووسیا دوور خرایەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م