ئەگەر بەرشەلۆنە سێ یاری بباتەوە خولی ئیسپانیا مسۆگەر دەكات

:: AM:11:01:20/11/2017 ‌

یانەی بەرشەلۆنە دوای ئەنجامدانی 12 یاری لەم وەرزەی خولی پلە یەكی ئیسپانیادا تا ئێستا بەكۆكردنەوەی 34 خاڵ پێشەنگی یانەكانی گرتووە.

نزیكترین ركابەری یانەی بەرشەلۆنە ئێستا یانەی ڤالێنسیایە كە شەوی رابردوو بە دوو گۆڵی بێ وەڵام نۆیەمین سەركەوتنی ئەم وەرزەی بەسەر یانەی ئیسپانیۆڵ بەدەستهێنا و خاڵەكانی كردە 30 و هەر لە ریزی دووەمی یانەكانی خولەكە مایەوە.

رۆژنامەی (ماركا)ی شاری مەدرید بڵاوی كردەوە: ئەگەر یانەی بەرشەلۆنە بەر لە هاتنی سەری ساڵ لە سێ گرینگترین و بەهێزترین تاقیكردنەوەدا سەركەوتن بەدەست بێنێ، ئەو ناسناوی ئەمساڵەی خولی ئیسپانیا مسۆگەر دەكات.

یەكێك لەو سێ یارییە گرینگەی یانەی بەرشەلۆنە لە هەفتەی داهاتوودا دەست پێ دەكات كاتێك لەنێو یاریگەی مستایا دەبێتە میوانی یانەی ڤالێنسیای ركابەری.

دواتریش لە رۆژی 10ی مانگی داهاتوودا یارییەكی تری بەهێزی هەیە كاتێك لەنێو یاریگەی لاسیرامیكا لە گەڕی 15ی خولی ئیسپانیا دەبێتە میوانی یانەی ڤیاڕیال.

بەر لە تەواوبوونی یارییەكانی نیوەی یەكەم، یانەی بەرشەلۆنە لە رۆژی 23ی مانگی داهاتوو لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ یاریی كلاسیكۆ بەرامبەر یانەی ریال مەدریدی ركابەری سەرسەختی ئەنجام دەدات.

رۆژنامەكە ئاشكرای كرد كە ئەگەر یانەی بەرشەلۆنە لە هەرسێ یارییەكەدا سەركەوتن بەدەست بێنێ، ئەوا جیاوازی خاڵەكانی لەگەڵ یانەی ریال مەدریدی ركابەری سەرسەختی زیاد دەكات كە رەنگە ببێت بە 16 خاڵ، یاخود رەنگە زیاتریش ببێت بەهۆی دواخستنی یارییەكانی یانەی شاهانەوە بەبۆنەی ئەنجامدانی یارییەكانی پاڵەوانیەتیی جامی مۆندیالی یانەكانەوە.  




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م