میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی له قوتابخانه‌كانی سنووری به‌رده‌ڕه‌ش، ڕێ ناده‌ن قوتابخانه‌كان به كوردی بخوێنن و چه‌ندان ڕێگرییان دروست كردووه.
دوای ئه‌وه‌ی میلیشیاكانی حه‌شد شه‌عبی بۆ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی نێزیك شارۆكه‌ی به‌رده‌ڕه‌ش چوون، ئێسته چه‌ند كێشه‌یه‌كیان له به‌رده‌م مامۆستایان و قوتابخانه‌كانی سنووری شارۆكه‌ی به‌رده‌ڕه‌ش دروست كردووه و رێ ناده‌ن له چه‌ند قوتابخانه‌یه‌ك خوێندن به زمانی كوردی بێت.
غازی عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی شارۆكه‌ی به‌رده‌ڕه‌ش به "وشه"ی راگه‌یاند، میلیشیاكانی حه‌شد شه‌عبی، رێ ناده‌ن خوێندنی كوردی له چه‌ند قوتابخانه‌یه‌كی سنووری شارۆكه‌ی به‌رده‌ڕه‌ش له نزیك پارێزگای مووسڵ بخوێنرێت.
ئه‌وه‌شی گوت، ئێمه له‌گه‌ڵ لایه‌نی پێوه‌ندیدار له‌سه‌ر خه‌تین، چونكه ئه‌مه چه‌ندان ساڵه خوێندن له‌و ناوچانه كوردییه سه‌ر به شارۆكه‌ی به‌رده‌ڕه‌ش و هه‌رێمی كوردستانن نه‌ك له‌سه‌ر ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان. رێنه‌دان به خوێندنی كوردی له‌و گوندانه پێشێلكارییه‌كی ئاشكرایه و پێویسته هه‌رچی زووه كۆتای پێ بێت.
به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی به‌رده‌ڕه‌ش ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، جگه له‌وه‌ی كه خوێندنیان له چه‌ند قوتابخانه‌یه‌ك كردووه به عه‌ره‌بی، هاوكات حه‌شد شه‌عبی نایه‌ڵن ژماره‌یه‌ك مامۆستاش بگه‌ڕێنه‌وه قوتابخانه‌كانیان و ده‌ست به ده‌وام بكه‌ن.
ئه‌و ده‌ڵێ، كێشه‌ی به‌شێك له‌و قوتابخانانه و مامۆستایانه چاره‌سه‌ر كراوه، به‌ڵام هێشتا هه‌ندێ ماون و پێویسته لایه‌نی پێوه‌ندیدار زیاتر كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خوێندنی كوردی له‌و گوندانه نه‌فه‌وتێت.
میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و پاسدارانی ئێران به هاوكاریی حكوومه‌تی عێراق له 16ی ئۆكتۆبه‌ر، كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانی تری ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانیان داگیر كرد و له‌و كاته‌وه ده‌یانه‌وێ پاوانخوازییه‌كانیان به‌سه‌ر خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌دا بسه‌پێنن و پاكتاوی نه‌ژادی بكه‌ن، ئه‌مه‌ش وای كردووه خه‌ڵكی ئه‌و شوێنانه به لێشاو ماڵ و حاڵی خۆیان به‌جێ بهێڵن.
به‌رده‌ڕه‌ش/ نه‌وزاد هلوری