ترافێكێكی سەر ڕێی هەولێر- كەركووك داخرا

:: PM:02:50:20/11/2017 ‌
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ئاشكرای دەكات بەمەبەستی ڕێگریكردن لە جەنجاڵی ڕۆژانە، یەكێك لە ترافیكەكانی سەر شەقامی كەركووكمان داخستووە و وەك تێست ئەگەر جەنجاڵی شەقامەكە چارەسەر ببێت، ئەوا داخستنی ئەو ترافیكە بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەم 20ـی تشرینی دووەم، ڕائید فازڵ حاجی حوسێن بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەمەبەستی كەمكردنەوەی جەنجاڵی لە شەقامی هەولێر- كەركووك لەسەر پیشنیاری كۆلیژی ئەندازیاری هەولێر ئەو ترافیكە داخرا.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر دەڵێت، بڕیارەكەمان لەدوای لێكۆڵینەوەیەكی ورد، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر هەڵسان بەداخستنی سێڕییانی ئەندازە بۆ ماوەیەكی كاتی وەك تێست، ئەگەر بینرا كە گرتنەكە كاریگەری دەبێت لەسەر كەمكردنەوەی جەنجاڵی، ئەوا گرتنەكە بەردەوام دەبێت.

فازڵ ڕوونكرنەوەیەك لەسەر ڕێكخستنی شێوازی هاتوچۆی لە شوێنی ئەو ترافیكە دەدات بۆ ئەو شوفێرانەی كە لەڕێی هەولێر بەرەو كەركووك دێن بەنیازن بچنە كۆلیژی ئەندازە، دەتوانن لە پێش هاتوچۆی هەولێر بسووڕێنەوە لە جیاتی وەستان لە ترافیك.

ماوەی چەند مانگێكە هاتوچۆی هەولێر بەمەبەستی كەمكردنەوەی جەنجاڵی لە شەقام و ترافیكەكان، چەند ترافیكێكی داخستووە و دواتریش ترافیكی باداوەی داخست.



وشە - رامیار جەواد