ئاگەدارییەك بۆ دانیشتوانی گەرمیان بەهۆی بوومەلەرزە و لافاوەوە

:: PM:04:13:20/11/2017 ‌
ئیدارەی گەرمیان ئاگەداری شۆفێران و هاووڵاتییان دەكاتەوە كە ڕێی قەدپاڵی چیاكان بەكار نەهێنن، چونكە بەهۆی تێكچوونی كەشوهەوا و زیانەكانی بوومەلەرزەكەوە بەكارهێنانی ئەو ڕێیانە زیانی دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەم 20ـی تشرینی دووەم، لە ئاگەدارییەكی ئیدارەی گەرمیان لە ڕاگەیەنراوێكیدا هاتووە، بەهۆی دابارین و ئاڵوگۆڕی ئاوهەواوە پێویستە شۆفێران ئاگەدار بن و ڕێی قەدپاڵی چیاكان بەكار نەهێنن، بەهۆی ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بوومەلەرزە ڕووی لە ناوچەكە كردووە و پێ دەچێت تا ئێستەش مەترسی هەرەسهێنان لەو جێیانەدا مابێت.

ڕۆژی شەموو كۆبوونەوەی بەرپرسانی ئیدارەی گەرمیان بەڕێوە چوو لەسەر شێوازی بەرەنگاربوونەوەی لافاو لە سنوورەكە كە پێشبینی دەكرێت ڕۆژی چوارشەم بارانێكی زۆر ببارێت.

ئەژی چەتۆ بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ڕاستە بارانێكی بەخوڕ دەبارێت، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە لافاو هەڵدەستێت لە هەرێمی كوردستان.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی كەشناسی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئەو بارانەی دەبارێت لە ئەنجامی یەكگرتنی دوو بارستە هەوای جیاوازە كە لە دەریای ناوەڕاست و دەریا سوور هەڵی كردووە و بە چەندان شوێن ڕەت دەبێت، دەبێت ئەوەش بزانین كە كەشوهەوای هەرێمی كوردستان جیاوازە لەگەڵ شوێنەكانی تر.



وشە - رامیار جەواد