خەرجییەكان كەم دەكرێنەوە
حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێك دەردەكات

:: PM:07:47:20/11/2017 ‌
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێك دەردەكات و ئاشكرای دەكات پێویستە خەرجییەكانی وەزارەتەكان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان كەم بكرێتەوە و ئاشكرای دەكات ولاتی ئەوروپا پاڵپشتی خۆیان بۆ گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا دەربڕیوە.

ئەمڕۆ دووشەم 20ـی تشرینی دووەم، لە هەواڵێكی سایتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كرد.

نێچیرڤان بارزانی ڕای گەیاندووە، بۆ گفتوگۆ دۆخی ئێستەی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ جێگری سەرۆك وەزیران سەردانی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن و دووپاتی لەوە كردەوە، كە تێپەڕاندنی دۆخی ئێستەی هەرێمی كوردستان، یەكڕیزی و تەبایی دەخوازێت. بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا.

لە هەواڵەكە هاتووە، ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی ‌لەسەر بەردەوامبوونی پلان و پڕۆژەكانی چاكسازی كردەوە، بەتایبەتیش پرۆژەی چاكسازی و نوێبوونەوە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری كە ‌چاكسازیی بواری داراییی گشتی و كەرتی گشتی لەخۆ دەگرێت، وەزیرەكایش ڕاسپێردران كار لەسەر كەم كردنەوەی خەرجییە گشتییەكان و زیادكردن و هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات بكەن.

ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر گۆڕانكاری لە بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیران پیشان دا كە تایبەتە بە ‌ڕێكخستنەوەی كرێ و ڕسوومات و سزا داراییەكانی تایبەت بە تۆماركردنی كۆمپانیاكان و بریكارە بارزگانییەكان لە هەرێمی كوردستان، بەمەبەستی هاندانی كەرتی تایبەت و ئاسانكاری لە بواری دامەزراندن و تۆماری كۆمپانیاكان و گەیشتن بە پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی ئەم بوارە كە لەلایەن بانكی نیودەوڵەتییەوە داڕێژراون.

دوای گەمارۆ ئابوورییەكانی حكوومەتی عێراق بۆ سەر هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییان، كە بریتی بوون لە داخستنی سنوورەكان و ڕێگەگرتن لە گەشتی فڕۆكەوانی بۆ هەرێمی كوردستان و داگیركردنی سەرچاوە دارییەكانی كوردستان، لەلایەن حەشدی شەعبی بە تەواوی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق تێكچوو.



وشە - رامیار جەواد