کتێبی "کەمینەکان (ناسنامە، یاسا، هەرێمی کوردستان)" چاپ کرا

:: PM:08:16:20/11/2017 ‌
لەم ڕۆژانەی داهاتوودا کتێبی "کەمینەکان (ناسنامە، یاسا، هەرێمی کوردستان)" دەگاتەوە کوردستان و لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا بڵاو دەکرێتەوە.

دڵشاد حامید دەروێش لە بارەی کتێبەکەی بە وشەی ڕاگەیاند: "کتێبەکە یەکێکە لە زنجیرە چاپ کراوەکانی پڕۆژەی هاوبەشی ماڵی سوهرەوەردی و ناوەندی غەزەلنووس، لە شاری تاران بە تیراژی ١٠٠٠ دانە لە دوو توێی ١١٦ لاپەڕەدا، چاپ کراوە. لەم دوو سێ ڕۆژەدا دەگاتەوە کوردستان و بڵاو دەکرێتەوە."

دەروێش زیاتر گوتی: "هەرێمی کوردستان چەندان کەمینەی ئایینی و نەتەوەیی و زمانیی لە ئامێز گرتووە. زۆرینەیان خاوەن ڕیشەیەکی مێژوویی قووڵن لەم بۆتە جوگرافییەدا، هەشە لە مێژ نییە بە هۆکارگەلی جوودا پەیدابووە و ئێستە بەشێکی دانەبڕاوە لە پانۆرامای کۆمەڵایەتی و ئاینی و کولتووریی هەرێم."

دووپاتی کردەوە: "سەرەڕای ئامادەگیی بەرچاوی ئەم دیاردەیە، کەمترین تێکستی لەمەڕ نووسراوە، بە شێوەیەک، لە کێڵگەیەکی مەعریفیی وەک یاسادا، هیچ دەقێکی کوردیمان لە بەردەستدا نییە کە دوور یان نزیک شەنوکەوێکی یاسایی پرسی کەمینەکان بکات و گرفت و ئاریشە یاساییەکانیان دەستنیشان بکات."

ڕوونی کردەوە: "ئەمە لە کاتێکدایە، کە پرسی کەمینەکان لە جیهاندا بووەتە تێما و بابەتێکی گرنگی ناو کایەکانی ڕۆشنبیری بە گشتی و تەقەڵا و توێژینەوە یاساییەکان بە تایبەتی. چاوبڕین لە پڕکردنەوەی ئەم کەلێنە دیارەی کتێبخانەی کوردی هۆکاری سەرەکیی نووسینی ئەم کتێبەیە."



وشە - ژیڤان خۆرانی