زیانەكانی بەنداوی دەربەندیخان دەستنیشان دەكرێت

:: PM:08:16:20/11/2017 ‌
قایمقامی شارۆكەی دەربەندیخان ڕای گەیاند، پشكنین بۆ بەنداوی دەربەندیخان دەستی پێ كردووە و حكوومەتی عێراق بڕی سێ‌ ملیار دیناری تەرخان كردووە بۆ ئەو زیانانەی، كە بەر بەنداوەكە كەوتوون بە بڕی 10 ملیۆن دۆلار تەرخان دەكرێت.
 
ئەمڕۆ دووشەم 20ی تشرینی دووەم، ناسیح مەلا حەسەن، قایمقامی دەربەندیخان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دوای ئەو زەرەر و زیانەی كە بەر بەنداوی دەربەندیخان كەوت لە بوومەلەرزەكەی هەفتەی ڕابردوو، ئێستە تیمی بەنداوی دەربەندیخان دەستی بە پشكنینی بەنداوەكە بە ئامێری پێشكەوتوو كردووە.
 
زیاتر گوتی، تیمەكە لە ناو بەنداوەكە چەند ئامێرێكی پشكنینیان داكووتیوە و لەگەڵ هەڵكەندنی چاڵێك لەسەر بەنداوەكە تا بزانن جووڵەی بەنداوەكە و ڕێژەی دزەكردنی ئاو لە بەنداوەكە چەندە.
 
ئەو بەرپرسە ئیدارییەی سنوورەكە گوتی، لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی بەغدا هەوڵەكان بەردەوامن بۆ چارەسەركردنی ئەو زیانانەی بەر بەنداوەكە كەوتوون، لە یەكەم هەوڵیشدا حكوومەتی بەغدا بڕی سێ‌ ملیار دیناری بۆ پشكنینی بەنداوەكە تەرخان كردووە.
 
ئاماژەیشی بەوەكرد، كە حكوومەتی بەغدا ئاگاداری كردوونەتەوە داوای لە كۆمپانیایەكی بیانیان كردووە بۆ ئەوەی بە زووترین كات سەردانی بەنداوەكە بكەن و چارەسەری كێشە و زیانەكانی بەنداوەكە بكەن كە بڕی 10 ملیۆن دۆلاریشی بۆ تەرخان كردووە.

شارۆكەی دەربەندیخان لە 66 كیلۆمەتر لە باشووری خۆرهەڵاتی سلێمانی هەڵكەوتووە، یەكێك بوو لەو ناوچانەی كە لەماوەی بوومەلەرزەكەی هەفتەی ڕابردوو زۆرترین زیانی بەركەوت هاوكات حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڵێنی قەربووكردنەوەی پێدان.
 
 
سلێمانی/ هۆشیار عەلی






وشە - سه‌رخێڵ هاشم