هازارد هەڕەشە لە مانچستەر سیتی و مانچستەر یونایتد دەكات

:: AM:09:34:21/11/2017 ‌

ئیدین هازاردی ئەستێرەی بەلجیكی و یانەی چێڵسی ئینگلیزی پەیامێكی هەڕەشەی ئاراستەی هەردوو یانەی مانچستەر سیتی و مانچستەر یونایتد لەسەر ركابەرییەكانی بەدەستهێنانی خولی نایابی ئینگلیزی كرد.

یانەی چێڵسی شەمووی رابردوو لە گەڕی 12ی خولی نایابی ئینگلیزیدا بە 4 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی وێستهام یونایتدی بردەوە و بەم سەركەوتنەش بە 25 خاڵ پێش یانەی تۆتنهام كەوتەوە و هاتە ریزبەندی سێیەمی یانەكان، ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی مانچستەر سیتی بە 34 خاڵ لە پلەی یەكەمە و یانەی مانچستەر یونایتدیش بە 26 خاڵ لە ریزی دووەمدایە.

هازارد لە چاوپێكەوتنێك بۆ ماڵپەڕی فەرمی یانەكەی رایگەیاند: وەرزی رابردوو ئاستێكی ناوازەمان پێشكەش كرد و توانیمان ناسناوی خولی نایابی ئینگلیزی ببەینەوە، رەنگە دووبارەكردنەوەی ئەم دەستكەوتە زەحمەت بێت، بەڵام مەحاڵ نییە.

زیاتر گوتی: ئێستا هەنگاوێكی كورت لە هەردوو یانەی پێشەنگەوە دوورین و هەوڵیش دەدەین لە یارییەكانی داهاتوودا بتوانین پارێزگاری لە ناسناوەكە بكەین بەتایبەت كە تا ئێستاش پاڵەوانیەتییەكە لە قۆناغەكانی سەرەتادایە.

هازارد ئاماژەی بەوەشدا كە دڵنیایە لەوەی دەتوانن خانەیەكی تریش بەسەر بكەون ریزبەندی دووەمی یانەكانی خولی نایابی ئینگلیزی لە دەست یانەی مانچستەر یونایتد دەربێنن.

جەختیشی كردەوە كە دوای ئەم هەنگاوە هەوڵ بۆ ریزبەندی لوتكەی خولەكە دەدەن، هەرچەندە یانەی مانچستەر سیتی لەم وەرزەدا یارییەكی زۆری بردووەتەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە خاڵ لە دەست دەدەنەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م