راهێنەری ئەپۆیڵ نیكۆسیا: لە ریال مەدرید ناترسێین

:: AM:10:15:21/11/2017 ‌

جیۆرجۆس دۆنی راهێنەری یانەی ئەپۆیڵ نیكۆسیای قوبڕسی ئاشكرای كرد لە یارییەكەی ئەمڕۆیان بەرامبەر یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا ناترسێن.

ئەمڕۆ سێشەم سەعات 10:45ی شەو بەكاتی كوردستان، یانەی ریال مەدرید لە گەڕی پێنجی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا دەبێتە میوانی یانەی ئەپۆیڵ نیكۆسیا.

دۆنیس لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەكەدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: ئەمڕۆ دڵخۆشین بەرامبەر یانەیەكی گەورەی ئەوروپا كە یانەی ریال مەدریدە یاریی دەكەین و هەوڵیش دەدەین ئاستێكی باش پێشكەش بە هاندەرانمان بكەین.

زیاتر گوتی: ئەنجامی یارییەكەی تری كۆمەڵەكەمان لەنێوان هەردوو یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی و بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی بۆ ئێمە گرینگە و هەلی سەركەوتنمان بۆ قۆناغی داهاتوو دیاری دەكات.

راهێنەری یانەی ئەپۆیڵ نیكۆسیا راشی گەیاند هەر چوار یانەكە هەلی سەركەوتنیان بۆ قۆناغی داهاتووی خولەكە لەبەردەمدا ماوە و جەختیشی كردەوە كە دەتوانن پلەی سێیەمی كۆمەڵەی هەشتەم بەدەست بێنن و بگەنە ركابەریەكانی خولی ئەوروپا.

دۆنیس جەختیشی كردەوە كە رێز لە یانەی ریال مەدرید دەگرێ، بەڵام بەهیچ شێوەیەك لە رووبەڕووبوونەوەیان ناترسێ و تەنیا یاریزانەكانی پێویستان بە ورە و ئازایەتییە تا سەركەوتن لەو یارییەدا بەدەست بێنن.

جێی باسە یانەی ریال مەدرید ئێستا بەكۆكردنەوەی 7 خاڵ لە ریزبەندی دووەمی یانەكانی كۆمەڵەی هەشتەم دێت، یانەی تۆتنهام بە 10 خاڵ پێشەنگی یانەكانی گرتووە، هەروەها یانەكانی بڕووسیا دۆرتمۆند و ئەپۆیڵ نیكۆسیاش هەریەكەو 2 خاڵیان هەیە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م