گواردیۆلا: مانچستەر سیتی پاڵێوراوی براوەی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا نییە

:: AM:11:25:21/11/2017 ‌

پیپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی ئاشكرای كرد كە یانەكەی پاڵێوراو نییە بۆ بردنەوەی ناسناوی ئەمساڵی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.

یانەی مانچستەر سیتی ئەمڕۆ سێشەم لە چوارچێوەی ركابەرییەكانی هەفتەی پێنجەمی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی ئیتیحاد مێوانداریی یانەی فینۆرد رۆتەردامی هۆڵەندی دەكات.

گواردیۆلا لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی یارییەكەدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن رایگەیاند: هەرچەندە سەركەوتنمان بۆ قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا مسۆگەر كردووە، بەڵام ئەمڕۆ بۆ سەركەوتن یاریی دەكەین.

یانەی مانچستەر سیتی لە هەر چوار یاریی رابردوویدا سەركەوتنی بەدەستهێناوە و ئێستاش بە كۆكردنەوەی 12 خاڵ ریزبەندی یەكەمی یانەكانی كۆمەڵەی شەشەمی گرتووە.

لەبارەی پاڵێوراوانی بەدەستهێنانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا، گواردیۆلا رایگەیاند: بێگومان پاڵێوراوە سەرەكییەكان برێتین لە بەرشەلۆنە و ریال مەدردید و چەند یانەیەكی گەورەی تریش.

هەروەها گوتی: ئەوانەی یانەكەی ئێمەیان بۆ بەدەستهێنانی خولەكە پاڵاوتووە شەڕەفێكی گەورەیان پێ بەخشیوین، بەڵام لە راستیدا خۆم یانەكەم بۆ بەدەستهێنانی خولەكە نەپاڵاوتووە.

یانەی مانچستەر سیتی جگە لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا، لە خولی نایابی ئینگلیزیشدا بەكۆكردنەوەی 34 خاڵ لە ریزبەندی یەكەمی یانەكاندایە و 8 خاڵ جیاوازی هەیە لەگەڵ نزیكترین یانەی ركابەری كە یانەی مانچستەر یونایتدە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م