دوای ئه‌وه‌ی كورد له ڕۆژئاوای كوردستان توانییان ناوچه‌كانیان له ده‌ستی داعش و هێزه تیرۆریستییه‌كانی تر بپارێزن، چه‌ندان ناوچه‌ی عه‌ره‌بیش ڕزگار بكه‌ن و له ڕێی چه‌ند كانتۆنێكه‌وه حكوومه‌تی خۆجێیی پێك بهێنن كه به هاوكاریی ڕاسته‌وخۆی ڕووسیا و ناڕاسته‌وخۆی ئه‌مه‌ریكا كراوه، ئێسته توركیا ده‌یه‌وێ ده‌ستیان له بنی هه‌مانه‌كه ده‌ربهێنێ و به ڕێككه‌وتنێكی نێوده‌وڵه‌تی له‌و خاكه ده‌ریان بكات كه ئازادیان كردووه، به‌ڵام ئایا ڕووسیا ئه‌و په‌یمانشكێنییه به‌رامبه‌ر هاوپه‌یمانه‌كه‌ی له ڕۆژئاوای كوردستان ده‌كات، وه‌ك چۆن ئه‌مه‌ریكا پشتی له هاوپه‌یمانه‌كه‌ی له باشووری كوردستان كرد و له پرۆسه‌ی ڕیفراندۆم و ڕووداوه‌كانی دواتر دژی وه‌ستا؟
دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ دووشه‌م به‌شار ئه‌سه‌د له‌گه‌ڵ فلادیمێر پوتین كۆ بووه‌وه، ئه‌گه‌رچی ڕوانگه‌ی سه‌رۆكی سووریا له‌باره‌ی كوردی ڕۆژئاوا له ڕاگه‌یاندنه‌كان ئاشكرا نه‌بووه، به‌ڵام هه‌ردوولا گه‌یشتوونه‌ته ڕێككه‌وتن له‌سه‌ری و سبه‌ی له كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌ی سوچی له نێوان سه‌رۆكی هه‌رسێ وڵات: ڕووسیا، توركیا و ئێران، به ته‌واوی بۆچوونی سووریا ده‌خرێته روو، ڕووسیاش بۆچوونی خۆی له‌وباره‌یه‌وه به توركیا و ئێران ده‌گه‌یه‌نێ كه تا ئێسته ئه‌وه‌ی زانراوه، ئه‌نكه‌ره به هیچ شێوه‌یه مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی په‌یه‌ده قبووڵ ناكات.
یۆری ئۆشاكۆف یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی ڕووسیا له لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕای گه‌یاند، به‌رپرسه سه‌ربازییه‌كانیش له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ی سه‌رۆكی هه‌رسێ وڵات به‌شدار ده‌بن له‌سه‌ر بانگه‌شه‌ی كورد بۆ كۆنگره‌ی گفتوگۆی سووریا ڕێك ده‌كه‌ون، چونكه تا ئێسته ئه‌م بابه‌ته یه‌كلا نه‌بووه‌ته‌وه و هێشتا كاتی كۆنگره‌كه‌ش دیاری نه‌كراوه.
سبه‌ی چوارشه‌م له‌باره‌ی كۆمه‌ڵێ بابه‌تی جیاواز كه پێوه‌ستن به داهاتووی سووریاوه، هه‌ریه‌ك له فلادیمێر پوتین سه‌رۆكی ڕووسیا، حه‌سه‌ن ڕووحانی سه‌رۆكی ئێران و ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی توركیا له شاری سوچی له ڕووسیا كۆ ده‌بنه‌وه، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌و كۆبوونه‌وه ئاماده‌كارییه دێت كه دوێنێ دووشه‌م له‌سه‌ر ئاستی وه‌زیرانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رسێ وڵات له شاری ئه‌نتاڵیای توركیا ئه‌نجام درا و هه‌موو ئه‌و دۆسیانه‌ی كۆیان كردووه‌ته‌وه، له لووتكه‌ی سبه‌یدا گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.
پێشتر سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا گوتبووی، یه‌كێك له گفتوگۆكانمان باسی به‌شداریكردنی كورد بوو له كۆنگره‌ی گفتوگۆی سووریا، به‌ڵام باسی له‌و ئه‌نجامه نه‌كرد كه پێی گه‌یشتوون، چونكه ئه‌نجامی كۆتا له لووتكه‌ی سبه‌ی سێ سه‌رۆكه‌كه بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێ.
كۆنگره‌ی گفتوگۆی سووریا له‌لایه‌ن فلادیمێر پوتین سه‌رۆكی ڕووسیا پێشنیاز كراوه، مه‌به‌ست لێی هێوركردنه‌وه‌ی دۆخی هه‌ڵچووی ئه‌و وڵاته‌یه و دیاریكردنی ڕۆڵی هه‌ریه‌ك له وڵاته زلهێز و دراوسێكانه تێیدا، بۆ ئه‌وه‌ی سووریا جارێكی تر بگه‌ڕێته‌وه سه‌روه‌ریی خۆی و ڕۆڵی ئه‌و وڵاتانه كه‌م بكرێته‌وه و كوردیش له سووریای داهاتوو بڕیاری له‌سه‌ر بدرێ.
ڕووسیا ده‌یه‌وێ له كۆنگره‌كه‌دا، هه‌موو پێكهاته‌كانی سووریا به ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆنه‌وه به‌شدار بن و بگه‌نه ڕێككه‌وتن، به‌ڵام به‌هۆی تێبینییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و فڕه‌نسا له‌گه‌ڵ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی به‌شداری كورد له لایه‌ن توركیاوه، وای كرد كۆنگره‌كه بۆ كاتێكی نادیار دوا بخرێ.
ڕۆژئاوای كوردستان كه ته‌واوی سنووری سووریا به توركیاوه ده‌به‌ستێته‌وه، به شێوه‌ی چه‌ند كانتۆنێك به‌ده‌ست پارتی یه‌كێتیی دیموكراتییه‌وه‌یه (په‌یه‌ده) ئه‌مه‌ش بۆ توركیا مایه‌ی قبووڵكردن نییه كه به درێژایی زیاتر له هه‌زار كیلۆمه‌تر سنووره‌كه‌ی به ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسیی كورده‌وه گرێ درابێت كه به پاشكۆی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) هه‌ژمار ده‌كرێن، عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان ڕابه‌ری ئه‌و حزبه به ڕابه‌ری خۆیان ده‌زانن، له كاتێكدا توركیا حزبه‌كه و ڕابه‌ره‌كه‌شیانی وه‌ك تیرۆر ناساندووه.
له سه‌ره‌تای شه‌ڕه‌كانی ناو سووریا، یه‌په‌گه كه یه‌كینه‌ی سه‌ربازیی په‌یه‌ده‌یه، شه‌ڕی دژی گرووپه تیرۆریستییه‌كان كردووه و توانیویه‌تی شاره‌كانی كۆبانێ و ره‌قه و ته‌واوی شاره‌كانی تری كوردستان له ده‌ست ئه‌و گرووپانه پاك بكاته‌وه، ئه‌مه‌ش به هاوكاریی به‌رده‌وامی ڕووسیا كراوه و له‌لایه‌ن ڕژێمی سووریاشه‌وه دانیان پێدا نراوه، ته‌نانه‌ت له هه‌ندێك له كانتۆنه‌كانیان وێنه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د و ئاڵای سووریایان دانه‌گرتووه، ئێرانیش وه‌ك به‌شێك له هاوپه‌یمانییه‌كه پابه‌ند بووه به ڕێككه‌وتنه‌كانی نێوان كورد له‌گه‌ڵ سووریا و رووسیا، ئه‌مه‌ریكاش له قۆناغه‌كانی دوایی شه‌ڕی دژی تیرۆر، چه‌كی پێ داون و فڕۆكه‌شی له ئاسماندا بۆ به‌كار هێناون.
ئه‌وه‌ی ڕێگره له به‌رده‌م به‌رده‌وامیی ده‌سه‌ڵاتی ڕۆژئاوای كوردستان، توركیایه كه ده‌یه‌وێ هه‌م له‌و هاوپه‌یمانییه به‌رده‌وام بێت و هه‌م ببێته به‌ربه‌ستێك له به‌رده‌م ئه‌و ڕێككه‌وتنانه‌ی نێوان ڕووسیا و كورد، بۆیه به به‌رده‌وام بۆ بیانووی نوێ ده‌گه‌ڕێن تا ئه‌وانی تر ڕازی بكات به هه‌مان شێوه‌ی خۆی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، بۆ ئه‌مه‌ش ئاماده‌یه باجی ئابووریی گه‌وره‌ش بدات.