بەرشەلۆنە لە گرێبەستكردن لەگەڵ ئۆزێل نزیك بووەتەوە

:: PM:01:26:21/11/2017 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە تەواوكردنی كارەكانی گرێبەستی مەسعوود ئۆزێلی ئەستێرەی ئەڵمانی و یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا نزیك بووەتەوە.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: دەستەی كارگێڕی یانەی بەرشەلۆنە پێیوایە هاتنی ئۆزێل باشترین چارەسەرە بۆ كێشەكانی هێڵی ناوەڕاستی تیپەكەیان.

رۆژنامەكە بڵاویشی كردەوە: پلانی یەكەمی یانەی بەرشەلۆنە گرێبەستكردن بووە لەگەڵ فیلیپ كۆتینیوی ئەستێرەی بەڕازیلی، بەڵام بەهۆی زۆری پارەكەیەوە یانە كەتەلۆنییەكە بیری لە جێگرەوەی تر كردووەتەوە لەوانەش دەیلی ئالی، ئێریكسۆن و تۆماس لیمار، بەڵام هەموو ئەمانەش نرخەكانیان بۆ یانەی بەرشەلۆنە زۆر بووە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشدا كە یانەی بەرشەلۆنە پێیوایە باشترین چارەسەر گرێبەستكردن بووە لەگەڵ ئۆزێل بەهۆی ئەوەی یانەی ئاسناڵ لە ترسی لەدەستدانی بەشێوەی ئازاد لە كۆتایی وەرزدا ئامادەیە بە 20 ملیۆن یۆرۆش بیفرۆشێ.

جگە لەوەش هەر لەم وەرزەدا ئۆزێل دەتوانێ لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە یاری بكات، چونكە ناوی لەگەڵ یانەی ئارسناڵ لە خولەكەدا تۆمار نەكراوە.

جێی باسە ئۆزێل گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی ئارسناڵ لە كۆتایی ئەم وەرزەدا كۆتایی دێت و تا ئێستاش ئامادەیی خۆی بۆ مانەوە و درێژكردنەوە دەرنەبڕیوە، جگە لە یانەی بەرشەلۆنە یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزیش خوازیارە گرێبەستی لەگەڵدا بكات.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م