نێچیرڤان بارزانی زانیاری لەبارەی حكوومەت و گۆڕان ئاشكرا دەكات

:: PM:02:14:21/11/2017 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زانیاری لەبارەی كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان ئاشكرا دەكات و ڕای گەیاند، لەسەر تەبایی و یەكڕیزی كۆكن.

ئەمڕۆ سێشەم 21ی تشرینی دووەم، شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی سلێمانی كرد و لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوە، دوابەدوای كۆبوونەوەكە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆستێكی فەیسبووكی لە لاپەڕی تایبەتی خۆی ڕای گەیاند، لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی، داكۆكیمان لە گرنگی تەبایی و یەكڕیزی كردەوە بۆ تێپەڕاندی ئـەم دۆخە و رووبەڕوبوونەوەی تەحەدییەكانی داهاتوو، زیاتر نوسیوویەتی، " هەمووان لەسەر پرەنسیپە سەرەكییەكان، كۆكین".

هاوكات ئاسۆ مەحموود گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، شاندەكە داوایان كردووە وەزیرەكانی گۆڕان بگەڕێنەوە سەر كاری خۆیان، ئێمەش پاكێجی حكوومەتە كاتییەكەمان پێشكەش كردوون كە لە چەند خاڵێك پێك هاتووە و پێمان وایە دەتوانێ لەم قەیرانەی ئێستە كوردستان دەرباز بكات.

كۆبوونەوەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، لەمیانەی زنجیرەیەك كۆبوونەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دێت بۆ لای حزبە سیاسییەكان، سەرەتا دوێنێ دووشەم سەردانی یەكگرتووی ئیسلامییان كرد و دوابەدوای كۆبوونەوەكەیش دڵشاد شەهاب ڕاوێژكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، بەرنامەی حكوومەتی هەرێم وایە كە سەردانی تەواوی لایەنە سیاسییەكان بكات و بە جیا لەگەڵیاندا كۆ ببێتەوە.

هەر دوێنێ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژناوانیدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، سەردانی لایەنەكان دەكەن و لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی كاتیش كە ئێستە داواكاری چەند لایەنێكە، داوای كرد ئەو پرسە زیاتر ڕوون بكرێتەوە، چونكە بە گوتەی ئەو حكوومەتی كاتی ناتوانێ‌ لەو حكوومەتە زیاتر بكات كە ئێستە هەیە.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم