به‌گوێره‌ی ئه‌و نووسراوه‌ی ده‌ست "وشه" كه‌وتووه، 17 سه‌ركرده‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان له 2009ه‌وه به پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی خانه‌نشین كراون. ئه‌ندامێكی ده‌سته‌ی سكاڵای مافی گشتی له داواكاری گشتیی كوردستان ده‌ڵێ، كه‌ی نووسراوه‌كه‌یان بینی، به‌دواداچوون ده‌كه‌ن و ئه‌گه‌ر نایاسایی بێ دۆسیه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌نه‌وه. به‌ڵام به‌رپرسێكی كۆمه‌ڵی ئیسلامی وێڕای پشتڕاستكردنه‌وه‌ی خانه‌نشینبوونی ئه‌و 17 سه‌ركرده‌یه‌ی حزبه‌كه‌ی، دووپاتی ده‌كاته‌وه "كۆمه‌ڵ مافی ئه‌ندام و سه‌ركرده‌كانی نه‌دراوه".
خانه‌نشینكردنی 17 سه‌ركرده به پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی
كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان خۆی وه‌ك حزبێكی ئۆپۆزسیۆن و دژه گه‌نده‌ڵی وێنا ده‌كات و به‌رپرسانی هه‌میشه باس له ناعه‌داله‌تی و گه‌نده‌ڵی گه‌وره له وڵات ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌گوێره‌ی نووسراوێكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی كوردستان، 17 سه‌ركرده‌ی كۆمه‌ڵ به پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له ساڵی 2009ه‌وه خانه‌نشین كراون.
نووسراوه‌كه وه‌ك فه‌رمان ده‌ركراوه و تێیدا هاتووه، بڕیارمان دا به بڕینه‌وه‌ی مووچه‌یه‌كی خانه‌نشینی مانگانه به پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بۆ ئه‌و 17 كه‌سه‌ی ناویان له لیستی هاوپێچدا هه‌یه و به "محه‌مه‌د نه‌جیب حه‌سه‌ن عه‌لی" ده‌ست پێ ده‌كات و به زنجیره‌ی ژماره 17 "تۆفیق كه‌ریم ساڵح مسته‌فا" كۆتایی دێ، له ڕۆژی ده‌رچوونی ئه‌و فه‌رمانه‌وه.
وێنه‌ی لیستی هاوپێچی فه‌رمانه‌كه ده‌ست "وشه" كه‌وتووه و تێیدا ناوی پێشه‌وای كۆمه‌ڵ و عه‌لی باپیری ئه‌میری كۆمه‌ڵ و پێنج ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و 10 ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستانن هه‌یه كه خانه‌نشین كراون.
داواكاری گشتی به دواداچوون ده‌كات
سوودمه‌ندبوونی كۆمه‌ڵ له گه‌نده‌ڵی كاردانه‌وه‌ی چاودێرانی لێكه‌وتووه‌ته‌وه و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌نیوه, ئه‌وان تانه‌ی ئه‌وه ده‌ده‌ن كه ئه‌و حزبه‌ی سێ ساڵه نه له شه‌ڕ نه له ئاشتی له‌گه‌ڵ هیچ پرسێكی كوردستاندا نه‌بووه ده‌ركه‌وت "له بنیشه‌وه له گه‌نده‌ڵی ده‌خوات". به‌تایبه‌ت كه حزبه‌كه كار له‌سه‌ر رێبازی ئاینی ده‌كات و ئه‌وه‌یش زۆرتر خه‌ڵكی دووچاری سه‌رسوڕمان كردووه.
ئه‌ندامێكی ده‌سته‌ی سكاڵای مافی گشتی له داواكاری گشتیی كوردستان هێمای بۆ ئه‌وه كرد كه پێشتر لیستێكی خانه‌نشینی پله باڵا نایاسایییه‌كانیان به ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران داوه و له‌سه‌ر ئه‌و 17 كه‌سه‌یش دوای بینینی نووسراوه‌كان، له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی خانه‌نشینی كوردستان به‌دواداچوون بۆ دۆسیه‌كه ده‌كه‌ن.
د. محه‌مه‌د ڕێكانی، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، تا ئێسته كه‌س سكاڵای له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته تۆمار نه‌كردووه و نووسراوه‌كه‌یشمان به ده‌ست نه‌گه‌یشتووه، بابه‌تی خانه‌نشینی به‌گوێره‌ی بڕگه و بنه‌ما یاسایییه‌كان ده‌ستنیشان كراون، به پشتبه‌ستن به‌و یاسایانه خه‌ڵك خانه‌نشین ده‌كرێ، چه‌ند جۆرێك یاسای خانه‌نشینیمان هه‌یه، له‌وانه خانه‌نشینی مه‌ده‌نی و دادوه‌ر و داواكارانی گشتی و سه‌ربازیی هه‌یه.
"ئه‌وه‌ی 17 سه‌ركرده‌كه‌ی كۆمه‌ڵ جارێ نازانین یاسایییه یان نا تا قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین، بۆیه ده‌بێت به‌دواداچوونی بۆ بكه‌ین و بزانین پشت به كام یاسا به‌ستراوه، له فه‌رمانگه‌ی خانه‌نشینی سه‌یری دۆسیه‌كه‌یان بكرێ، كه‌ی ورده‌كاریی دۆسییه‌كه‌مان زانی، ئه‌وكات ڕوون ده‌بێته‌وه كه دۆسیه‌ی له‌سه‌ر بكرێته‌وه یان نا، رێكانی گوت.
ئاماژه‌ی دا، له‌سه‌ر دۆسیه‌ی خانه‌نشینی پله‌باڵا و پله تایبه‌ته‌كان لیژنه پێك هێنراوه و هه‌موو خانه‌نشینه پله‌باڵاكان كه به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی خانه‌نشین كراون، دیاری كراون و به لیستێك دراونه‌ته وه‌زاره‌تی دارایی و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مانه به‌ده‌ر له یاسای خانه‌نشینی، خانه‌نشین كراون، تا ئێسته‌یش ئه‌م دۆسیه‌یه له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه و پێمان گوتوون كه ئه‌مانه به‌ده‌رن له یاسا و ده‌بێ ڕێكاری یاسایی بگیرێته‌به‌ر و چاره‌سه‌ر بكرێن.
كۆمه‌ڵی ئیسلامی خۆی به مه‌غدوور ده‌زانێ
له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵ له میدیاكان هه‌میشه دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی ده‌كات و هۆكار چییه سه‌ركرده‌كانیان به پله‌ی باڵا خانه‌نشین ده‌كه‌ن؟ به‌رپرسێكی حزبه‌كه دووپاتی كرده‌وه كه ئه‌وانه پێشمه‌رگه و خه‌باتكارن و ئێسته‌یش به‌رده‌وامن و كۆمه‌ڵی ئیسلامیش سته‌می لێ كراوه و وه‌ك پێویست مافی ئه‌ندام و سه‌ركرده‌كانی نه‌دراوه.
وریا تاهیر زه‌ڵمی به‌رپرسی كارگێڕیی په‌ره‌پێدانی بانگه‌واز له كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان، له‌باره‌ی خانه‌نشینكردنی 17 سه‌ركرده‌ی حزبه‌كه‌ی به پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی، وێڕای پشتڕاستكردنه‌وه‌ی نووسراو و لیسته‌كه، بۆ "وشه" گوتی، ئێمه هه‌موو شتێكمان ئاشكرا و ڕوونه، كۆمه‌ڵی ئیسلامی خاوه‌نی خه‌باتی شاخ و شار و هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ی دێرین بووه و قوربانی زۆری داوه و باجی زۆریشی داوه و پێشمه‌رگه‌ی زۆریشمان كه‌مئه‌ندام بوون، ده‌توانم بڵێم لایه‌نێك وه‌ك پێویست مافی ئه‌ندام و سه‌ركرده‌كانی نه‌درابێ، كۆمه‌ڵی ئیسلامییه و سته‌می لێ كراوه.
ئه‌و لێدوانه له كاتێكدایه كۆمه‌ڵى ئیسلامیى كوردستان، كه عه‌لى باپیر ئه‌میر، سه‌ره‌تا به‌شێك بوو له بزووتنه‌وه‌ى یه‌كبوونى ئیسلامی، كه بزووتنه‌وه‌یه‌كى چه‌كدارى بوو و شێخ عوسمان عه‌بدولعه‌زیز رابه‌رایه‌تى ده‌كرد. بزووتنه‌وه‌ى یه‌كبوون له یه‌كگرتنى بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى له كوردستان/عێراق و بزووتنه‌وه‌ى راپه‌ڕینى ئیسلامى له ساڵى 1999 هاته كایه. دواى دروستبوونى ناكۆكى له نێوان ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌دا له 30 ئایار/مایۆى 2001دا ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تى به‌سه‌ركردایه‌تیى عه‌لى باپیر له‌و حزبه جیا بوونه‌وه و "كۆمه‌ڵى ئیسلامیى كوردستان"یان راگه‌یاند.
"ئه‌و لیسته‌ی یه‌كه‌م ناوی مامۆستا شێخ محه‌مه‌دی به‌رزنجی بووه كه چووه‌ته ده‌ره‌وه و شۆڕشی ئیسلامی ده‌ست پێ كردووه، ئایا كه‌سێكی وا مافی ئه‌وه‌ی نییه خانه‌نشین بێ وه‌ك هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌كی تر، ئه‌وانه‌ی تریش كه له دوای ئه‌وه‌وه هاتوون هه‌موویان پێشمه‌رگه‌ن، ئێمه به‌رده‌وام دژی گه‌نده‌ڵی ده‌وه‌ستینه‌وه، ئه‌وانه‌یشی خانه‌نشین كراون به مافێكی شه‌رعی خۆمانی ده‌زانین" زه‌ڵمی وای گوت.