پارەی سێ ساڵی رابردووی جوتیارانی ھەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت

:: PM:04:06:21/11/2017 ‌

بڕیاردەری لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، بڕیار دراوە، پارەی سێ ساڵی رابردووی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان کە 700 ملیار دینارە، تا کۆتای ساڵ بە دوو قۆناغ خەرج بکرێت.

ئه‌مڕۆ سێشه‌م، زیاد حوسێن بڕیاردەری لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، كاتێك بودجەی ته‌واوكاریی عێراق پەسەند کرا، بڕیار درا پارەی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بۆ  سێ ساڵی رابردوو ھەمووی خەرج بکرێت، دوای ئه‌وه‌ تا کۆتای ساڵ پارەکە ھەمووی خەرج دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ وەزارەتی بازرگانیی عێراق، کۆبوونەوەیەکی بۆ چۆنییەتی خەرجکردنی پارەکە ئەنجام داوە.

هه‌روه‌ها گوتی، بڕی قەرزی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان، لە سێ ساڵی رابردوو كه‌ لای بەغدایە 700 ملیار دینارە، بۆیە بڕیار دراوە ئەو پارەیە بە دوو قۆناغ خەرج بکرێت و ھەفتەی داھاتوو كاروانێكی ئەو پارەیە بۆ جووتیارانی ھەرێمی كوردستان رەوانە بکەن.

زیاد حوسێن پێشبینی ئه‌وه‌ی كرد، رەنگە له‌ یه‌كه‌م كارواندا، نیوەی ئەو پارەیە بگات کە لای حکوومەتی عێراقه‌.

بڕیاردەری لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە پارەی 2017ی جووتیارانی ھەرێمی كوردستان، کە وەک قەرز لای بەغدا بوو 85% خەرج کراوە، بەڵام پارەی جووتیارانی پارێزگای دھۆک 10 ملیار دینار مابوو خەرج بکرێت ئەو بڕه‌ ڕەوانە کراوە و سبەی بەسەر جوتیارانی پارێزگای دھۆک دەست بەدابەشکردنی دەکرێت.

وشه‌/ بڵند ئیبراھیم


وشە - وشه‌