حزبی شیوعیی: بڕیاری ریفراندۆم بە هیچ هێزیكی ناوخۆیی و دەرەكی هەڵناوەشێتەوە

:: PM:04:23:21/11/2017 ‌
حزبی شیوعیی كوردستان لەبارەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند و ئاماژەیان بەوەكرد كە بڕیاری ریفراندۆم دەربڕی ئیرادەی گەلی كوردستانە و بە هیچ هێزیكی ناوخۆی و دەرەكی هەڵناوەشێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 21ی تشرینی دووەم، مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی كوردستان ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لە بەغدا كە ڕیفراندۆمی گەلی كوردستان لە 25ی ئەیلوولی 2017 بە نا دەستووریی داناوە مەبەستی سیاسیی لە پشتەوەیە و لە چوارچیوەی یاسادا نییە.

زیاتر هاتووە، پێش دوو ساڵ خەڵكی بەغدا و ناوەراست و باشووری عێراق داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم دادگایەیان دەكرد بە تومەتی گەندەڵی و دووركەوتنەوە لە بنەمای دادگەری، بۆیە  ئەم دادگایە دوور لە كاری پیشەیی، خۆی خزاندە هەڵویستی داودەزگەكانی تری حكوومەتی عێراق و چەندان سزای جۆراجۆری بەسەر كوردستاندا سەپاندووە.

حزبی شیوعیی ڕای گەیاندووە كە دادگەی فیدڕاڵی چاوپۆشی لە سەرجەم پێشێلكارییەكانی دەستوور دەكات، بەڵام ریفراندۆمێك كە زیاتر لە سێ‌ ملیۆن دەنگی هێنابێ و لە دەستوریشدا هیچ بەربەستێك نەبێ  لە رێگەی ئەنجامدانیدا، بڕیاری لە دژ دەدات.

ئەو حزبە ئاماژەەیان بەوەیشكردووە كە بڕیاری ریفراندۆم دەربڕی ئیرادەی گەلی كوردستانە و بە هیچ هێزیكی ناوخۆی و دەرەكی هەڵناوەشێتەوە، تەنانەت پەرلەمانی كوردستان و حكوومەتی هەرێمیش ماف و توانای هەڵوەشاندنەوەی ئەو بریارەی نییە.

ڕۆژی 25ی ئەیلوول ڕیفراندۆمی سەربەخۆی كوردستان بەرێوەچوو كە دەنگی "بەڵێ‌" نزیكەی لە 93% بەدەست هێنا، دوابەدوای ئەوەیش ئابلۆقەی سیاسییی و ئابووری و تەناهی لەلایەن عێراق و ئێران و توركیا بۆسەر هەرێمی كوردستان دەستی پێ كرد و لە دوایین هەڵوێستیشدا دادگای فیدڕاڵی بەغدا ڕیفراندۆمی بە نادەستووری هەژماركرد.






وشە - سه‌رخێڵ هاشم