دوا زانیاری لەبارەی تەقینەوەكەی خورماتوو
لە یەكێك لە بازاڕەكانی گەڕەكی "حەی عەسكەری"، لە شارۆكەی خورماتوو تەقینەوەیەك رووی دا و ژمارەیەك كوژرا و برینداری لێ كەوتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم 21ی تشرینی دووەم، محەمەد فایەق بەرپرسی ڕاگەیاندی قایمقامیەتی خورماتوو بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە بازاڕێكی فرۆشتنی سەوزە و میوە لە گەڕەكی "حەی عەسكەری"ی خورماتوو تەقیوەتەوە و بەو هۆیەوە ژمارەیەكی زۆر قوربانی لێ كەوتەوە.
زیاتر گوتی، لە ئەنجامی تەقینەوەكەدا 15 كەس كوژراون و زیاتر لە 35 كەسی تر بریندار بوون، كە زۆربەیان عەرەب و توركمانن.
محەمەد فایەق ڕوونی كردەوە كە تا ئێستە هیچ لایەنێك بەرپرسیاریەتی تەقینەوەكەی لە ئەستۆ نەگرتووە.
دوای هێرشی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو بۆ سەر كەركووك و ناوچەكە، ڕەوشی تەناهی سنوورەكە بە تەواوی ئاڵۆز بووە، ئەوە سەرباری ئەوەی كە ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییانی ئەو سنوورە كە ژمارەیان نزیكەی 183 هەزار هاووڵاتی كوردە، ئاوارە بوون و میلیشیاكانیش بەردەوام ترس و دڵەڕاوكێ بڵاو دەكەنەوە.
وشە -
سهرخێڵ هاشم