پەرلەمانی توركیا متمانەی لە لەیلا زانا سەندەوە

:: PM:06:34:21/11/2017 ‌
پەرلەمانی توركیا ئەمڕۆ سێشەم 21ی تشرینی دووەم، بە پاساوی‌ دەوام نەكردنی‌ لە پەرلەمان وەك پێویست، متمانەی‌ لە (لەیلا زانا)، نوێنەری بازنەی شاری ئاگری هەدەپە لە پەرلەمانی توركیا سەندەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 21ی تشرینی دووەم، ئاژانسی "ئانادۆڵۆ" بڵاوی كردەوە كە پەرلەمانی توركیا بڕیاری دا بە لێسەندنەوەی متمانە لە پەرلەمانتار (لەیلا زانا)، نوێنەری بازنەی شاری ئاگری هەدەپە.

بڕیارەكەی پەرلەمانی توركیا بە بیانووی ئەوە بووە كە زانا وەك پێویست دەوامی نەكردووە، بەڵام بە گوێرەی بۆچوونی چاودێران ئەوە سەرەتایەكە بۆ دژایەتیكردنی پەرلەمانتارانی كورد لە توركیا.

ئەو بڕیارەی پەرلەمانی توركیا لە كاتێكدایە كە ماوەیەكە حكوومەتی توركیا دەستی كردووە بە گرتنی لایەنگران و بەرپرسانی هەدەپە و ئێستە بەشێكی زۆریان لە زیندانن.

لەیلا زانا لە ساڵانی ڕابردوودا دووچاری لێپرسینەوە ‌و زیندانیكردن بووەتەوە و چەند جارێكیش بانگێشتنی دادگا كراوە، بە تۆمەتی لایەنگری بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم