سەرۆك بارزانی: گرفتەكان تێ دەپەڕن و هیچ شتێك ناتوانێ كۆسپ بۆ ئازادی دروست بكات
سەرۆك بارزانی ڕای گەیاند، ئیرادەی میلەت لە سەرووی هەموو ئیرادەیەكە و دڵنیایی دا بەوەی كە گرفتەكان تێ دەپەڕن و هیچ شتێكیش ناتوانێ كۆسپ بۆ ئازادی دروست بكات.
ئەمڕۆ سێشەم 21 تشرینی دووەم، سەرۆك بارزانی پێشوازی لە مەهدی زانا سیاسەتمەداری كورد لە باكور كرد. وەك ئەوەی ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە.
لە دیدارەكەدا، مەهدی زانا دەستخۆشی لە سەرۆك بارزانی و سەركردایەتی سیاسیی هەرێمی كوردستان كرد بۆ هەنگاوەكانی ڕیفراندۆم و پارێزگاری لە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان.
ڕوونی كردەوە كە ئەو هەنگاوانە مایەی ئومێد و دڵخۆشیی هەموو كوردێكە و سەرباری بوونی كێشە و گرفتی گەورە هەموو گەلی كوردستان بڕیاری ڕیفراندۆم بە بڕیارێكی ڕەوا و دروست دەزانێت.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە دوا پێشهاتە سیاسییەكان دووپاتی كردەوە كە ئیرادەی میلەت لە سەرووی هەموو ئیرادەیەكە و دڵنیایی دا كە گرفتەكان تێ دەپەڕن و هیچ شتێكیش ناتوانێ كۆسپ بۆ ئازادی دروست بكات.
ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان لە 25ی ئەیلوولی ئەمساڵ ئەنجام درا و دوا بەدوای ئەوە ئابڵووقەی سیاسی و ئابووری و سەربازی لەلایەن بەغدا و ئەنكەرە و تارانەوە خرایە سەر هەرێمی كوردستان، لەو كاتەوە تا ئێستە گرژی و ئالۆزی لە ناوچەكەدا بەردەوامە و دوایین هەڵوێستی هەرێمیش ئەنجامدانی گفتوگۆیە لەگەڵ بەغدا.
وشە -
سهرخێڵ هاشم