ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەكەی خورماتوو زياد ده‌كات

:: PM:07:35:21/11/2017 ‌

پاش تەقینەوەكەی ئەمڕۆی شارۆكەی خورماتوو كە بەهۆی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبرێژكراوەوە ئەنجام درا میلشیاكانی حەشدی شەعبی هاتوچۆیان لە شارۆكەكە قەدەغە كرد، هاوكات ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەكە گەیشتە زیاتر لە 60 كوژراو و بریندار.

سەرچاوەیەكی پۆلیسی شارۆكەی خورماتوو، تایبەت بە "وشە"ی راگەیاند، بە فرمانی لیژنەی تەناهی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین كە سەرۆكەكەی لە هێزەكانی بەدرە، هاتوچۆكردن لەناو شارۆكەی خورماتوو راگەیەنراوە و كاتی دەست پێكردنەوەی هاتوچۆش دیاری نەكراوە.

ئەو سەرچاوە كە كوردە و بەهۆی هەستیاری شوێنەكەی لە پۆلیسی عێراق نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، رای گەیاند، هێزەكانی عەسائیب كە بەشێكن لە حەشدی شەعبی، ناو شاریان تەنیوە و هەر كەس ببینین دەیگرن.

لای خۆیەوە، عەلی هاشم، گوتەبێژی  هێزەكانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو، تایبەت بە"وشە"ی راگەیاند، دوا ئاماری تەقینەوەكەی خورماتوو گەیشتووەتە 24 شەهید و 43 بریندار. روونی كردەوە كە تەقینەوەكە لە رێگەی ئۆتۆمبێلێكی جۆری كیاوە بووە و بازاڕێكی سەوزەفرۆشانی كردووەتە ئامانج لە گەڕەكی عەسكەری، لە نزیك سەعات چواری ئێوارەی ئەمڕۆ. ئاماژەی كرد، هیچ گرووپێكی تیرۆریستی ئەنجامدانی كردەوە تیرۆریستییەكەی نەخستووەتە ئەستۆی خۆی.

گەرمیان/ سەبری هۆرینی 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل