نێچیرڤان بارزانی لەبارەی قسەكانی دوێنێی روونكردنەوە دەدات

:: PM:08:22:21/11/2017 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی لێدوانێكی پێشووی كە باسی لە كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی لە چەند ناوچەیەكی كێشەلەسەر لەگەڵ بەغدا كردبوو، ڕوونكردنەوە دەدات و ڕای گەیاند كە باسی كشانەوەی پێشمەرگەی لە كەركووك نەكردووە بە پێی ویستی خۆیان.

ئەمڕۆ سێشەم 21ی تشرینی دووەم، شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی لە سلێمانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی و سۆسیالیست كۆبووەوە و چەند پرسێكیان لەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنەكانی داهاتوو تاوتوێ‌ كرد.

ماڵپەڕی فەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە كە نێچیرڤان بارزانی لە وەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی شرۆڤەكردنی گوتەیەكیان كە لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی دوێنێیدا گوتبووی، پێشمەرگە بە ویستی خۆیان لە هەندێك ناوچە كشاونەتەوە،‌ نێچیرڤان بارزانی ڕوونكردنەوەی دا و گوتی، كە ‌باسی ئەوەم كرد پێشمەرگە كشاوەتەوە، باسی كەركووكم نەكردووە و حاڵەتی كەركووك ڕوون بوو كە چۆن كراوە و بە چ شێوەیەك بووە و هەموولایەك ئاگادەرن.

زیاتر گوتی، هێزەكانی عێراق داوایان لە ئێمە كرد لە ناوچەی بەنداوی مووسڵ بكشێینەوە و ئێمەش پێمانگوتن باشە كێشەیەك نییە، لە ناوچەی ڕەبیعە بە هەمان شێوە گوتمان كێشە نییە، بەڵام ئێمە دواتر تێگەیشتین كە لە هەر شوێنێك پا‌شەكشێ بكەین ئەوان داوای زیاتر دەكەن، بۆیە بڕیاری ئەوەمان دا سنوورێك دابنێین بۆ ئەم بابەتە و نابێت لەوە زیاتر بێنە پێشەوە، من مەبەستم ئەو شوێنانە بووە نەك كەركووك.

هاوكات هەر ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا نێچیرڤان بارزانی رای گەیاند، لێكنزیكبوونەوە لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا هەیە و هەست دەكەین ئەو لایەنە سیاسییانەی كە تا ئێستە سەردانمان كردوون، وەك ئێمە بیردەكەنەوە و لە سەر دوو سێ پرەنسیپی گرنگ هەموومان وەك یەك بیردەكەینەوە كە ئەوانیش هەمووان دژی دوو ئیدارەیین، دووەمیش دەبێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكات و نابێت هیچ لایەنێك هەوڵ بدات سەربەخۆ لەگەڵ هیچ لایەنێك قسە بكات.

ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەر میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چاوساغی چەند كەسێكی نێو یەكێتی كە بە ناپاكەكان ناسراون، هێرشیان كردە سەر كەركووك و داگیریان كرد، ڕێككەوتنی ناپاكەكان و بەغدا هۆكاری كشانەوەی پێشمەرگە بوو لە كەركووك.







وشە - سه‌رخێڵ هاشم