سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات هەفتەی داهاتوو لە پەرلەمانی عێراق لێپرسینەوە لەگەڵ ژمارەیەك وەزیر و بەرپرسی عێراقی دێتە سازكردن و بۆ ئەو مەبەستەش ئەوان ئاگەدار كراونەتەوە بۆ ئامادەبوونیان.
سەرچاوەیەكی باڵا لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاندووە كە بۆ هەفتەی داهاتوو ژمارەیەك وەزیر و بەرپرسی عێراق لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، لەوانە رۆژی یەكشەم حەسەن راشد وەزیری گەیاندنی عێراق و رۆژی دووشەم محەمەد ئیقبال وەزیری پەروەردە و رۆژی سێشەم فەلاح زێدان وەزیری كشتوكاڵ و رۆژی چوارشەم كازم فنجان وەزیری گواستنەوەی عێراق و رۆژی پێنجشەمیش عەبدولەتیف هەمیم سەرۆكی دیوانی وەقفی سوننە.
هاوینی رابردوو پەرلەمانی عێراق لێپرسینەوەی لەگەڵ خالید عوبێدی وەزیری بەرگری عێراق كرد و دواتر دەنگی بۆ لەكارلادانی دا، هەروەها لێپرسینەوە لەگەڵ هۆشیار زێباری وەزیری دارایی عێراق كرا و ئەویش لەكار لادرا، ئەو لێپرسینەوانەی كە گومانی بوونی پاڵنەری سیاسی لەپشتەوەیان هەبوو كە یەكەمیان سوننە بوو و ئەویتریان كورد. هەروەها وەزیری تەندروستی عێراق و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەوانیش لێپرسینەوەیان لەگەڵدا كرا.
سەرەتای ئەمساڵ پەرلەمانی عێراق لیژنەیەكی تایبەتی بۆ وەرگرتنی داوای لێپرسینەوە لە بەرپرسانی عێراق دامەزراند و ئەو داوایانەی مەرجەكان بەدەست دێنن، لە پەرلەمان لێپرسینەوە لەگەڵ وەزیر و بەرپرسانی ناو داواكە دەكرێت.