وەزیری دەرەوەی بەریتانیا نامەیەك بۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەنێرێت و پشتگیریی بەریتانیای بۆ سەرخستنی پرۆسەی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان دەربڕیوە.
ئەمڕۆ چوارشەم 22ـی تشرینی دووەم، سایتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە كە جۆن ویڵكس باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق نامەیەكی گەیاندووەتە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لەلایەن بۆریس جۆنسن وەزیری دەرەوەی بەریتانیاوە هاتبوو.
لە نامەكەدا وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دووپاتی كردووەتەوە كە هەوڵێكی رژد لە ئارادایە بۆ دەست پێكردنی گفتوگۆ بە مەبەستی چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور، پشتگیریی بەریتانیای بۆ سەرخستنی پرۆسەی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان دەربڕیوە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كورستان لەو كۆبوونەوەیە سوپاسی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا كرد و دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان بەردەوام هەوڵی داوە ناكۆكییەكان لە ڕێگەی گفتوگۆ چارەسەر بكرێن، داوای لە دۆستانی هەرێمی كوردستانیش كرد لە هەوڵی بەردەوامدا بن بۆ رێگە خۆشكردنی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا.
دوای ڕووداوەكانی 16ـی تشرینی یەكەم، حكوومەتی عێراق گەمارۆی خستووەتە سەر هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان كە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان و داخستنی دەروازە سنوورییەكان و بڕینی بودجە و دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی كردووتە بەرنامەی خۆی بەردەوام كاری لەسەر دەكات.