ناڕەزایی لە دژی هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسایەتی لە عێراق زیاتر دەبێت

:: PM:08:06:22/11/2017 ‌

ناڕەزایی نێودەوڵەتی بەرانبەر بە پلانی پەرلەمانی عێراق بۆ هەمواركردنەوەی یاسای (باری كەسایەتی), لە زیادبووندایە كە دەبێتە هۆی سنوورداركردنی ئافرەتان و پێشێلكردنی مافەكانیان, هەروەها زۆربەی دەسەڵات و بڕیارەكان تەنیا بە دەست پیاو دەبێت لە نێو خێزان, بۆ دادگاكانیش ڕای پیاوانی ئاینی دەبێتە سەرچاوەی بەشێك لە یاساكان. 

نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵۆنیا بە مەبەستی رێگرتن لە دەركردنی ئەم یاسایە، بانگەوازی كۆمەڵگەی نێودەولەتی كرد. ئەم بانگەوازە بۆ دەسەڵاتدارانی پۆڵۆنیا و رێكخراو و چالاكوانە مەدەنییە ناحكوومەتییەكان و ڕای گشتیی پۆڵۆنیا بوو بۆ ئەوەی پاڵەپەستۆ بخەنە سەر پەرلەمانی عێراق بۆ وەستاندنی دەركردنی ئەم یاسایە ترسناكە و وەڵامدانەوەی خێرای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

بانگەوازەكەی نوێنەرایەتیی هەرێم لەلایەن رێكخراوی كۆنگرێسی ئافرەتان پاڵپشتی لێ كرا, كە گەورەترین و كاریگەرترین رێكخراوە بۆ داكۆكیكردن لەسەر مافەكانی ئافرەت و بەدیهێنانی یەكسانی لە نێوان رەگەزەكان.

 رێكخراوی كۆنگرێسی ئافرەتان بەیاننامەیەكی تایبەتیان نووسیوە كە لە وێبسایتی فەرمیی خۆیان بڵاویان كردووەتەوە و تیایدا هاتووە، وەك رێكخراوی كۆنگرێسی ئافرەتان، دڵسۆزی خۆمان دەردەبڕین بۆ ئافرەتانی عێراق و پێتان دەڵێین, كە لەگەڵتانین بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانتان.

زیاتر هاتووە، تێ دەكۆشین بۆ سەربەخۆیی ئێوە و دەزانین چەند سەختە لە وڵاتێك بژیت كە باوكسالاری بێت و نەریتە ئاینییەكان كارێگەریی بەهێزیان هەبێت. لە وڵاتێك كە یاسا رێگە بدات بە دروستكردنی جیاوازی لە نێوان رەگەزەكاندا.

هەروەها رێكخراوی كۆنگرێسی ئافرەتان كەمپینێكی نێودەوڵەتی ڕادەگەیەنێت بە ئامانجی وەستاندنی ئەو یاسایەی پەرلەمانی عێراق و هەوڵ دەدات دەری بكات، كە ئەم یاسایە پێچەوانەی دەستوور و پێوەرەكانی مافە مۆدێرنەكانی مرۆڤ و شكاندنی كەرامەت و گەروەیی ئافرەتانە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل