نرخی بەنزین هەرزان دەبێت

:: PM:09:42:22/11/2017 ‌
ماوەی دوو ڕۆژە نرخی بەنزین لە شاری هەولێر بە شێوەیەكی بەرچاو دابەزینی بەخۆییەوە بینیوە بە شێوەیەك بۆ هەر لترێك بڕی 150 دینار دابەزیوە، بەرپرسێكی كۆگەی بەنزینیش دەڵێت، هۆكارەكە زیاتر نەبوونی خواستە لەسەر بەنزین.

ئەمڕۆ چوارشەم 22ی تشرینی دووەم، زیاد نەجات خاوەنی بەنزینخانەی گۆڤەند بۆ "وشە" ڕای گەیاند، دوو ڕۆژە نرخی بەنزین دابەزیووە، ئەوەش بەهۆی كەمبوونەوەیەكی بەرچاو لە خواست لەسەر بەنزین لەلایەن هاووڵاتییانەوە.

ئەو خاوەن بەنزینخانەیە دەڵێت، نرخی بەنزین ئەمڕۆكە بۆ سوپەر بە ئۆكتانی 95 بریتی بوو لە 870 دیناری عێراقی و نرخی بەنزینی نۆڕماڵ بریتی بوو لە 680 دینار بە ئۆكتانی 90 و بەنزینی موحەسەن بە ئۆكتانی 92 بریتی بوو لە 760 دینار.

بەنزینی سووپەر لە بەشێك لە بەنزینخانەكان بە 990 دینار بوو لە دوو هەفتەی پێشوودا، بەڵام لەو دوو ڕۆژە دابەزیوون. بە گوتەی خاوەن بەنزینخانەكە.

عەونی قادر خاوەنی كۆگەی سووتەمەنی رەسەنایەتی بۆ "وشە"دەڵێت، دوای وەستانی شەڕەكانی پردێ‌، خواست لەسەر بەنزین كەمبووەتەوە و ئێستە لە سنوورەكانیش بەنزین بۆ ناو هەرێمی كوردستان دێت و پاڵاوگە ناوخۆییەكانیش بە شێوەیەكی باش كار دەكەن كە پێشتر ترسییان لەسەر بوو، بەڵام ئێستە ئەو ترسەیان لەسەر نەماوە.

بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی نرخی بەنزین لە هەرێمی كوردستان بەهۆی گۆڕانكاری و پێشهات و ڕووداوەكانەوە دەگۆڕێت و چەندین جار شوفێران دووچاری تەنگژەی بەنزین بوونە، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی پاڵێوگە ناوخۆییەكان ئێستە كێشەی تەنگژەی بەنزین نەماوە تەنیا نرخ بەرز و نزم دەبێت.



وشە - رامیار جەواد