بەغدا لە سزادان و زیادكردنی گومرگ لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی هەرێم بەردەوامە

:: PM:10:16:22/11/2017 ‌

پاڵەپەستۆ ئابوورییەكانی‌ حكوومەتی‌ عێراق بۆسەر هەرێمی كوردستان لە دوای‌ ئەنجامدانی‌ پڕۆسەی ڕیفراندۆم بەردەوامە و حكوومەتی عێراق گومرگی لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی هەرێم زیاد كردووە. ئەندامێكی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی سلێمانیش دەڵێت بابەتەكە سیاسییە و عێراق دەیەوێت ئابووری هەرێم شكست پێ بێنێت.

ئەحمەد گەرمیانی خاوەنی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بۆ "وشە" گوتی، لەسەر رێگەی عوزێم، عێراق خاڵی پشكنینی داناوە و گومرگی ئەو بەرهەمە كشتوكاڵی و كەرەستە بیناسازییانە دەكات كە دەبرێن بۆ شارەكانی عێراق، كە ماوەیەكە سێ بەرامبەر گومرگیان زیاد كردوو. 

زیاتر گوتی، لە خاڵی‌ گومرگی‌ سەفرە لە حەمرین، ڕۆژانە كێشە بۆ بەرهەمی‌ كارگەكانی‌ هەرێم دروست دەكات, لەگەڵ ئەوەش زۆربەی كات مەترسی لەسەر ژیانی خۆشمان هەیە، بۆیە ئێستە هەناردەی هەرێم بۆ عێراق كەمی كردووە.

گەرمیانی ئاماژەی كرد، كاڵا توركی و ئێرانییەكان زۆر كێشەیان بۆ دروست نابێت، بەڵام بۆ كەلوپەلی كارگەكانی هەرێم كێشەی زۆر دروست دەكەن.

بەختیار مەحموود ئەندامی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی سلێمانی بۆ "وشە" گوتی، لە رێگە كێشە بۆ ئەو كەلوپەلانە دروست دەكرێت كە لە هەرێمەوە بۆ شارەكانی عێراق دەنێردرێن، ئاماژەی كرد كە بەغدا وەك وڵاتێكی جیا مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا دەكات لە رووی گومرگییەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە حكوومەتی عێراق دەڵێت عێراق یەكپارچەیە. 

زیاتر گوتی، ژووری‌ بازرگانی‌ و پیشەسازی‌ سلێمانی‌ هەوڵەكانی لەگەڵ وەزارەتە پێوەندیدارەكانی‌ هەرێم و عێراق و یەكێتیی‌ ژوورە بازرگانییەكانی‌ عێراق چڕ كرووەتەوە, بۆ ئەوەی ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت. روونی كردەوە، بۆمان دەركەوتووە كە بابەتەكە سیاسییە و عێراق دەیەوێت ئابووری هەرێم شكست پێ بێنێت و ئەو كارانەش وەك پاڵەپەستۆیە دەیخەنە سەر هەرێم.

لە 26ی سێپتێمبەری رابردوو هەرێمی كوردستان ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دا و زۆرینەی دەنگدەران بە "بەڵێ" دەنگیان بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق دا، ئەوەش وای كرد كە بەغدا چەندان رێوشوێنی سزایی لە بەرامبەر هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی وەربگرێت، لەوانە داخستنی فڕۆكەخانەكان و هاتوچۆی چەند مەرزێكی سنووری، جیا لەو جموجۆڵە سەربازییە فرەوانەی بۆسەر ناوچە كێشەلەسەرەكان و پارێزگای كەركووك ئەنجامی دا.

هەڵەبجە/ سەلام هانەدنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل