سەلمان خان گۆرانی دەڵێت

:: PM:11:46:22/11/2017 ‌
ئەکتەری ناودارى سینه‌ماى بۆڵیود بە بۆنەی ساڵوه‌گه‌ڕی هاوسەرگیری دایک و باوکییەوە (سەلیم خان و سەلما خان) گۆرانیان بۆ دەڵێت، لە هەمان ڕۆژیشدا ساڵوه‌گه‌ڕی هاوسەرگیری خوشکەکەی بووە (ئەرپیتا خان شارما و ئایوش شارما(.

گرتە ڤیدیۆی گۆرانییەکی سه‌لمان خان له‌ پێگه‌یه‌كى فه‌رمى هیندى له‌ كه‌ناڵى یوتیوب بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ کە بەبۆنەی ساڵڕۆژی هاوسەرگیری دایک و باوکی لەگەڵ خوشکە بچووکەکەی و زاواکەی گۆرانیان بۆ دەڵێت، کە ئەمەش دووەم جارە سەلمان خان گۆرانی بڵێت، دواجار کە سەلمان خان گۆرانی تێدا گوت لە فیلمی (Hero) دا بوو کە لەساڵی 2015 نمایش کرا.

سەلمان خان ناوی تەواوی عەبدولڕەشید سەلیم سەلمان خانه‌، ئەکتەرێکی سەرکەوتووی سینەمای هیندییە (بۆڵیوود)، کوڕی نووسەری گەورەی فیلم (سەلیم خان)ە، لە ڕۆژی 27ی کانوونی یەکەمی 1965 لە ناوچەی ئیندۆر لە شاری مادیا پرەدیش لە هیندستان لە خێزانێکی بە ڕەچەڵەک ئەفغانی لەدایک بووە و دایکی بەڕەچەڵەک هیندۆسە.

خاوه‌نى دوو برای بەناوی (ئارباز خان و سوهەیل خان) دوو خوشکی بە ناوی (ئەلڤیراو ئاربیتا)ه، کە ئاربیتا کچی هەڵگیراوەیە و خێزانی خان بەخێویان کردووە. سەرەتای دەستبەکاربوونی بۆ ساڵی 1988 دەگەڕێتەوە کە بەڕۆڵی (فیکی بهاندرای) لە فیلمی (Biwi Ho To Aisi) بەشداری کردووە.

سەلمان خان لە گۆڤاری بەناوبانگی (People) لە ساڵی 2004 لە ڕیزبەندی حەوتەمی سەرنجراکێشترین ئەکتەرەکانی جیهاندا بووە، چوارەم ئەکتەری هیندییە کە لە مۆزەخانەی خاتوو توسو لە لەندەن بە مۆم پەیکەری بۆ دروست کراوە.

تا ئێسته‌ چەند جارێک کەوتووه‌تە داوی خۆشەویستییەوە لەگەڵ هونەرمەندان (ئایشواریا رای باچان و کاترینا کایف) کە زۆرترین ماوە لەگەڵ کاترینا کەیفدا بووە، بەڵام پێوەندییەکەیان تا ساڵی 2010 بەردەوام بووە و تا ئێستا ژنی نەهێناوە و کەسیش لەو نهێنییەی تێناگات، سەلمان خان لە چەندین فیلم و بەرنامەدا بەشداری کردووە و نازناوی خۆی لە جیهاندا مسۆگەر کردووە.

بە هۆی تۆمەتی کوشتی کەسێک لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2002 دا، چەند جارێک دادگایی کراوە و ڕووداوەکەی بەسەردا ساخ بووه‌تەوە، بەڵام ئەو پێداگیری دەکات کە ئەو ڕۆژەی کەسەکە کوژراوە ئەم شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە نەبووە.




وشە - محەمەد میران