نیان محه‌مه‌د ڕاوێژكاری ده‌روونی و ڕاهێنه‌ری نێوده‌وڵه‌تی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی، له‌باره‌ی نه‌خۆشى ده‌روونى، هه‌روه‌ها ئه‌و ته‌نگژه ئابوورى و ئاڵۆزییه ده‌روونییانه‌ی تاكى كورد دووچاری بووه، وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی "وشه" ده‌داته‌وه و رای ده‌گه‌یه‌نێ، "ئه‌و بارودۆخه‌ى ئێسته‌ى كوردستان واى له تاكى كورد كردووه هه‌ست به نامۆبوون بكات"، به‌ڵام نیگه‌رانی خۆیشی ناشارێته‌وه له‌وه‌ی تاكى كورد به‌رده‌وام هه‌نگاوه‌كانى بۆ دواوه زیاتره و نایه‌وێت به سیسته‌مێكى سه‌رده‌مییانه ژیان بكات.
بۆچی تا ئێسته‌یش تاكی كورد پێی شه‌رمه بچێت بۆ لای پزیشكی ده‌روونی، ئایا هی ئه‌وه‌یه نه‌خۆشی ده‌روونی به‌لایه‌وه مانای تر ده‌دات؟
به داخه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو پیشكه‌وتنه زانستییه، تاكى كورد به‌رده‌وام هه‌نگاوه‌كانى بۆ دواوه زیاتره و نایه‌وێت به سیسته‌مێكى سه‌رده‌مییانه ژیان بكات. ته‌نانه‌ت ناشیه‌وێت له كاتى هه‌بوونى كێشه و گرفته‌كانى ده‌روونى چاره‌سه‌ر وه‌ربگرێت كه پێویستى پێیه‌تى. له كاتێكدا له‌وه دڵنیایه حاڵه‌ته‌كه ته‌واو ڕه‌نگى داوه‌ته‌وه له‌سه‌ر ژیانى به‌شێوه‌ى نه‌رێنی و به‌ره‌و له‌ناوچوونى ده‌بات، به‌ڵام قسه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى پى َ گرنگتره له ته‌ندروستى خۆى، یان پێى شه‌رمه و وا بیر ده‌كاته‌وه كه تۆمه‌تى شێتی ده‌درێته پاڵى.
ئایا ئه‌و دۆخه‌ی ته‌نگژاوییه‌ی كوردستان، ته‌نگژه‌ی ده‌روونی له‌سه‌ر تاك دروست نه‌كردووه؟
به دڵنیایییه‌وه كاریگه‌رى زۆر خراپى له رووه ده‌روونییه‌كه‌وه به‌سه‌ر تاكه‌وه به‌جێ هێشتووه, به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌م دۆخه بووه‌ته هۆى سه‌رهه‌ڵدانى بێكارى، زیادبوونى كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى خراپی باری دارایی خێزان، چه‌ندان كێشه و ئاڵۆزى تر. به‌گشتیی ئه‌و بارودۆخه‌ى ئێسته‌ى كوردستان واى له تاكى كورد كردووه هه‌ست به نامۆبوون بكات و وا بزانێت له چوارچێوه‌یه‌ك ده‌ژى وه‌ك مرۆڤێكى ئاسایی هیچ مافێكى ده‌سته‌به‌ر نییه.
ئه‌و ته‌نگژانه وای نه‌كردووه توندوتیژی زیاتر بێت به‌رامبه‌ر به ژن؟
بێگومان ئه‌م بارودۆخه زیاتر ئه‌ركى ژنان قورس‌تر ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆرجار پیاو هیچ به‌دیلێك نادۆزنه‌وه تا ئه‌و بارودۆخه تێپه‌ڕێنن، په‌نا ده‌به‌نه به‌ر خاڵیكردنه‌وه‌ى ڕق و تووڕه‌یى خۆیان به‌رامبه‌ر ژن جا (خێزان بێت یان دایك و خوشك)، به‌مه‌یش دیسان ژنان قوربانییه‌كى تر‌ى بارودۆخه‌كه‌ن.
وه‌ك ژنێك، پێت وایه توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژن زیاتر له چییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه؟
ئه‌گه‌ر تاكێك هه‌ڵگرى كولتوورێكى هه‌ڵه بێت و هه‌موو شته‌كانى به داونه‌ریت و كولتوور پێوه‌ست بكات، به دڵنیایییه‌وه له بچووكترین ناله‌بارى ئابوورى هه‌ره‌س دێنێت و ئه‌مه وه‌ك كارتێك به‌كار دێنێت بۆ ئه‌نجامدانى توندوتیژى به‌رامبه‌ر ژن.
له‌گه‌ڵ دروستبوونی مرۆڤایه‌تی توندوتیژی سه‌ری هه‌ڵداوه و هه‌یه، به‌ڵام به‌پێی گۆڕانی سیستمی سیاسی له ناوچه‌یه‌كه‌وه بۆ ناوچه‌یه‌كی تر جیاوازه. تۆ پێت وایه ناوچه‌ی ئێمه ده‌بێ چۆن بێت بۆ ئه‌وه‌ی ژن دوور بن له توندوتیژی؟
له هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ئاستى رۆشنبیرى گرنگى پێ درا، ئه‌وا كه‌مترین زیان به‌ر مرۆڤ ده‌كه‌وێت، له لاى ئێمه‌ش وا پێویسته به‌رده‌وام هه‌وڵى وشیاركردنه‌وه‌ى خێزان بده‌ین و دوور بكه‌وینه‌وه له هه‌ندێك له‌و یاسا و داونه‌ریته قورسانه‌ى تا ئێسته‌یش له هه‌ندێك خێزان پێڕه‌و ده‌كرێت. ئه‌مه ئه‌ركى ده‌زگه‌كانی رۆشنبیرییه كه ده‌بێت به‌و كاره هه‌ستن یان مامۆستایانى ئاینى ئه‌رك و مافى ژن روون بكه‌نه‌وه و ڕێز له بوونى كه‌سایه‌تیى ژن بگرن.
توندوتیژی تا چه‌ند فاكته‌ره بۆ ئاڵۆزبوونی ده‌روونی تاك؟ نائارامی باری ده‌روونی تاك تا چه‌ند هۆكاره بۆ دروستبوونی توندوتیژی؟
به ڕێژه‌یه‌كى زۆر، چونكه هه‌ر تاكێك توندوتێژى به‌رامبه‌ر كرا به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر چه‌ندان جار دووباره بێته‌وه، هه‌ست به بێبه‌هایی خۆى ده‌كات.
زۆربه‌ى ئه‌و حاڵه‌تانه‌ى له‌ناو چوارچێوه‌ى توندوتیژیدان، ئه‌گه‌ر به وردى به‌دواداچوونى بۆ بكه‌ین، خاڵى سه‌ره‌كى نائارامى بارى ده‌روونییه. كه‌سه‌كه له دۆخێكى دڵه‌ڕاوكێ و شپرزه‌ییدا بووه بۆ ئه‌نجامدانى توندوتیژیی له‌وانه (تاوانى كوشتن، لادانه سێكسییه‌كان.. هتد).
ژنكوشتن به بیانووی نامووسپه‌رستییه‌وه، زیاتر پاڵنه‌ری ویژدانی له پشته یا كۆمه‌ڵگه راسته‌وخۆ كاریگه‌ره؟
كۆمه‌ڵگه زیاتر كاریگه‌ره، چونكه زۆرجار تۆمه‌تێك به‌سه‌ر كه‌سێكدا ساغ نه‌بووه‌ته‌وه به‌هۆى حوكمى پێشینه‌ى كۆمه‌ڵگه‌وه، كه‌سه‌كه ده‌بێت به قوربانى و ئه‌وه له‌به‌رچاو ناگیرێت تا چه‌ند ئه‌م حوكمه له ڕاستى نزیكه.
ئه‌ی ئاین رێخۆشكه‌ره بۆ ئه‌وه‌ی ژن ده‌بێت له‌سه‌ر نامووس بكوژرێت، لێره‌دا داونه‌ریت یا ئاین كامیان به‌رپرسیارن؟
به داخه‌وه هه‌ندێك له خه‌ڵكى ئێمه هێشتا به جوانى له ئاین تێنه‌گه‌شتوون، ته‌نیا له‌ملاولا چه‌ند شتێكیان بیستووه، ئه‌ویش به هه‌ڵه! ڕاسته له ئاینى ئیسلام كۆمه‌ڵێك ئه‌حكام ئاماژه پێ كراوه، به‌ڵام دیسان كۆمه‌ڵگه هۆكاره، چونكه ئاین ناڵێت هه‌ر تاوانێك یان لادانێكتان بینى حوكمى كوشتنه، به‌ڵكو به‌پێى جۆرى تاوانه‌كه بڕیار ده‌درێت، به‌ڵام كۆمه‌ڵگه وه‌ك باسمان كرد به‌رده‌وام حوكمى پێشینه ده‌دات به بیانووى لایه‌نى ئاینى .
كه‌واته ئه‌و توندوتیژییه‌ی پیاو به‌رامبه‌ر ژن ده‌یكات كێ لێی به‌رپرسیاره؟
ده‌توانم بڵێم یه‌كه‌م یاسا ته‌نیا به رووكه‌ش كار ده‌كات. هیچ چاودێرى یان لێپێچینه‌وه‌ى دروستیان نییه له كاتى هه‌بوونى توندوتیژی، شته‌كان به شاراوه‌ى ده‌هێڵنه‌وه.
دووه‌م خێزان، ژن به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر كه‌سانێك نه‌بن هانایان بۆ به‌رن یان كێشه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ن و گرنگی پێ بده‌ن، هه‌وڵى نێوه‌ندگیرى بده‌ن، ئه‌وا زیاتر ژنه‌كه رووبه‌ڕووى توندوتیژى ده‌بێت.
به بۆچوونی تۆ چاره‌سه‌ره‌كانی توندوتیژی چین و نه‌مانى ته‌نگژه‌ى دارایی كێشه‌كان كه‌م ناكه‌نه‌وه؟
به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى وشیارى تاك، رۆشنبیریى گشتیی، له‌لایه‌كى تریشه‌وه یاسا به ئه‌ركى خۆی هه‌ستێ له به‌رامبه‌ر هه‌ر توندوتیژییه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى روو له زیادبوون نه‌كات. هه‌روه‌ها ئه‌ركى مامۆستایانى ئاینییه له ڕێى وتاره‌كانیان خه‌ڵك ئاگادار بكه‌نه‌وه له دووركه‌وتنه‌وه له توندوتیژى به تایبه‌ت به‌رامبه‌ر ژن. دواتریش كردنه‌وه‌ى خول پێش چوونه ناو ژیانى هاوسه‌ریى بۆ هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز، بۆ ئه‌وه‌ى شاره‌زاى ئه‌و دنیا تازه بن كه ده‌چنه ناوى. دووركه‌وتنه‌وه له بڕیاردانى پێشوه‌خت له كاتى هه‌بوونى هه‌ر كێشه‌یه‌ك.
وشه/ سلێمانی- سه‌ركه‌وت نه‌جات