هۆكاری یاریكردنی میسی بەشێوەی یەدەگ ئاشكرا كرا

:: AM:10:22:23/11/2017 ‌

ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی خۆشحاڵی خۆی بە ئەنجامی یارییەكەی شەوی رابردووی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی دەربڕی.

شەوی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە لە چوارچێوەی یارییەكانی هەفتەی پێنجەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەنێو یارگەی یۆڤانتۆس ئەرینا بەبێ گۆڵ لەگەڵ یانەی یۆڤانتۆس یەكسان بوو.

ڤالڤێردی دوای یارییەكە بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: جلەوی یارییەكە بەتەواوی لەدەست ئێمە بوو، بەڵام نەمانتوانی گۆڵ تۆمار بكەین، بەدڵنیایشەوە یاریزانانی یانەی یۆڤانتۆسیش چەند هێرشێكی مەترسیداریان هەبوو، پێشموایە ئەنجامی یارییەكە لە بەرژوەندی هەردوو تیپدا بوو.

ئەوەی جێگەی باسە لە یارییەكەدا لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە گێمی دووەمدا بەشێوەی یەدەگ هاتە نێو یاریگە و ماوەی نزیكەی نیو سەعاتێك یاریی كرد.

لەمبارەیەوە ڤالڤێردی رایگەیاند: بڕیاری یارینەكردنی میسی زەحمەت بوو، بەڵام ئەو لە چەندان یاریی رابردوودا بەشداری كردبوو و پێمان باش بوو پشوویەكی پێ بدەین و تەنیا چەند خولەكێك لە گێمی دووەمدا یاریی پێ بكەین.

زیاتر گوتی: میسی لە یارییەكانی رابردوودا بەربەستی قورسی بەڕێ كردبوو و زیاد لە قەبارەی خۆی ماندوو ببوو، بۆیە پێمان باش بوو پشوویەكی كورتی پێ بدەین.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی بەرشەلۆنە هەفتەی داهاتوو لە خولی ئیسپانیا یارییەكی قورسی هەیە ئەویش بەرامبەر یانەی ڤالێنسیای ركابەرییەتی كە بەجیاوازی خاڵەكانی لەگەڵی تەنیا 4 خاڵە و لە ریزی دووەمی یانەكانە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م