وەزارەتی ناوخۆ چەند بڕیارێكی لەبارەی مەیفرۆشتن دەركرد

:: PM:03:20:23/11/2017 ‌
وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكی لەبارەی شوێنەكانی مەی فرۆشتن دەركرد و ڕٍای گەیاندووە، پێویستە شوێنەكانی مەی فرۆشتن تا نۆی شەو كراوە بن.

بە پێی نووسراوێكی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە ئاراستەی سەرجەم پارێزگاكانی هەرێم كراوە، بڕیاری داوە كە شوێنەكانی مەی فرۆشتن لە سەعات نۆی شەو دابخرێن و هەر كەسێكیش پابەند نەبێت، شوێنەكەی دابخرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی تشرینی دووەم، رائید فەخرەدین مەولوود بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەدێی عەنكاوە زانیارییەكانی "وشە"ی پشتڕاست كردەوە و ڕای گەیاندووە، بەپێی بڕیارەكە، شوێنەكانی مەی فرۆشتن بۆیان نییە مەی بفرۆشنە گەنجی خوار تەمەن 18 ساڵ  و نابێت مەی سارد بفرۆشن، چونكە ئەمە دەبێتە هۆكاری ئەوەی شوفێرەكان ئەم مەیە ساردە بكڕن و بەدەم شوفێریكردنەوە مەی بخۆنەوە.

زیاتر گوتی، بە بڕیاری وەزیری ناوخۆ یاریی دۆمبەڵە یان یانسیب/ جۆرێكە لە یاریكردن و لەسەر پارە و شتی گرانبەها دەكرێت كە زۆر جار كێشەی لێ كەوتووەتەوە/ قەدەغە بكرێت و نابێت هیچ شوێنێكی تایبەت بەم یارییە هەبێت.

ئەوە لەكاتێكدایە كە ئێستە لە شارەكانی هەرێمی كوردستان جیا لە یانە كۆمەڵایەتییەكان، چەندان دووكانی مەی فرۆشتن هەیە و زۆر لەو دووكانانەش تا درەنگانی شەو كراوەن كە بەگوێرەی بەداواچوونەكانی لایەنی تەناهی، زۆر جار فرۆشتنی مەی تا درەنگانی شەو كێشەی لێ‌ كەوتووەتەوە.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم