بڕی هاوردەكردنی بەرووبوومی پەلەوەر بۆ كوردستان زیاد دەكرێت

:: PM:05:00:23/11/2017 ‌
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بریاری دا هاوردەكردنی پەلەوەر بۆ ناو هەرێمی كوردستان زیاد بكرێت، ئەوەش بەو هۆیەی ئێستە بەرهەمی ناوخۆیی پەرلەوەر ڕەوانەی خوارووی عێراق دەكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی تشرینی دووەم، د. خاڵس ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، وەزارەتی كشتوكاڵ بڕیاری داوە كە هاوردەكردنی بەرووبوومی پەلەوەری بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان زیاد بكرێت.

زیاتر گوتی، هۆكاری ئەو بڕیارە ئەوەیە كە بەرووبوومی ناوخۆی پەلەوەر بەشی پێویستییەكان ناكات، سەرباری ئەوەی ڕەوانەی خوارووی عێراق دەكرێت.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئاماژەی دا كە لیژنەیەك لە پارێزگاكان هەیە بۆ ئەوەی پێویستی ناوخۆیی خەمڵاندنی بۆ بكرێت و مانگانە بڕەكەی زیاد بكرێت.

هاوكات رزگار حەمەد خدر جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەم لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕای گەیاند، بۆ مانگی 12 بڕیار دراوە كە هاوردەكردنی بەربوومی پەلەوەر زیاد بكرێت.

زیاتر گوتی، بۆ مانگی داهاتوو تەنیا لە سلێمانی پێویست بە زیادكردنی بڕی 500 تۆن ماسی و 750 تۆن مریشك و 500 تۆن گۆشتی سوور و 510 تۆن هێلكە و هەروەها رێگە بە هاوردەكردنی شەش هەزار سەر ئاژەڵی گۆشت دەدرێت.

لە هەرێمی كوردستان سەرباری چەندان كارگە و كێڵگەی پەلەوەر هەیە و بەشێكی زۆریش ڕەوانەی خوارووی عێراق دەكرێت، هاوكات هێنانی بەرووبوومی وڵاتانی تر بەردەوامی هەیە و بۆ بەرووبوومی پەلەوەریش بەرانبەر یەك كیلۆ 250 دینار باج لە بازرگانان وەردەگیرێت.







وشە - سه‌رخێڵ هاشم