هەفتەی داهاتوو ئەم پارەیە دابەش دەكرێت

:: PM:02:54:30/11/2017 ‌
بڕیارە هەفتەی داهاتوو پاداشتی ئەو كارمەندانە دابەش بكرێت كە لە 25ی ئەیلوول لەكاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان چاودێری سندووقەكانیان دەكرد.

ئەمڕۆ پێنجشەم 30 تشرینی دووەم، سەرچاوەیەك لە فەرمانگەی گشتیی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بڕیار دراوە هەفتەی داهاتوو بەپێی خشتەیەكی ئامادەكراو، پاداشتی چاودێرانی سندوقی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" پرۆسەی دابەشكردنی پارەكە لە ژمارەیەك بنكە بەڕێوە دەچێت و دواتر لەلایەن كۆمسیۆنەوە ناوی بنكەكان ڕادەگەیەنرێت.

پێشتر د. جووتیار عادل ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی بە "وشە"ی ڕاگەیاندبوو كە دابەشكردنی پارەی كارمەندانی سەر سندووقەكان ئامادەكاری بۆ كراوە، بەڵام دابەشكردنەكەی پێوەندی بە بەڕێوەبەرایەتییەكانەوە هەیە.

ژمارەیەكی زۆر كارمەند لە كاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكەیان دەكرد و 120 هەزار دینار بۆ هەر كارمەندێك پاداشت دانراوە.

 





وشە - سه‌رخێڵ هاشم