ئه‌مه‌ریكا ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ى راگه‌یاند بۆ ناوبژى له نێوان حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانیان.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م شه‌شى كانوونى یه‌كه‌م، هیدز نویرت گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا رای گه‌یاند، وڵاته‌كه‌ى ناوبژى له نێوان حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراق ده‌كات بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانی نێوانیان.
هێزر له كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى له باڵه‌خانه‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ى به‌وه دا تا ئێسته حكوومه‌تى عێراق داواى له ئه‌مه‌ریكا نه‌كردووه ناوبژى له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بكات، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا ده‌ستپێشخه‌ری ده‌كات بۆ ناوبژیی نێوان هه‌ردوولا.
راگه‌یاندنى ناوبژى له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، له كاتێكدایه نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دوێنێ سێشه‌م له كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى له شارى هه‌ولێر ئاشكراى كرد كه حكوومه‌تى فڕه‌نسا ئاماده‌یى نیشان داوه بۆ ناوبژی له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانیان.
ئاشكراكردنى ناوبژیى فڕه‌نسا دواى سه‌ردانێكى سه‌رۆكی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دێت بۆ فڕه‌نسا و دیداری له‌گه‌ڵ ئیمانوێڵ ماكرۆن سه‌رۆكى ئه‌و وڵاته.
كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ریشه‌ى چه‌ندان ساڵى رابردووى هه‌یه و به‌شێكى پێوه‌نده به جێبه‌جێ نه‌كردنى ده‌ستووری عێراق له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عێراق به تایبه‌ت ماده‌ى 140، به‌ڵام دواى ریفراندۆمى 25ى ئه‌یلوولی رابردوو، كه دواتر خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ری به‌سه‌ردا هات و كه‌ركووك و چه‌ندان ناوچه‌ی تری كه‌وتنه ده‌ستى سوپا و میلیشیا شیعه‌كان، حكوومه‌تى عێراقیش سزاى ئابووری و سیاسیی كوردستانى دا به داخستنى فڕۆكه‌خانه‌كان و بڕینى بودجه تا ئێسته‌ش ئاماده‌ی گفتوگۆى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به فه‌رمى نیشان نه‌داوه كه نێچیرڤان بارزانى له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ى دوێنێیدا، ئاماژه‌ى به‌وه دا كه هه‌رچى به‌غدا داوای كردووه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجامى داوه، به‌ڵام به‌غدا هێشتا ئاماده نییه به گفتوگۆ كێشه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان چاره‌سه‌ر بكات.
به‌شێكى تری كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا پێوه‌ندارن به پرسی بودجه، له بودجه‌ى 2018ى عێراق وێڕاى زیادكردنى پشكى سه‌روه‌ری بۆ 39%، پشكى هه‌رێمى كوردستان 17%ه‌وه بۆ 12.67% كه‌م كراوه‌ته‌وه و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش به‌و كه‌مكردنه‌وه‌یه رازی نییه، فراكسیۆنه كوردستانییه‌كانیش ده‌ڵێن بایكۆتى دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر پشكى كوردستان نه‌كرێته‌وه به 17%.